Telegram Web Link
بەئیکرامی کێوم گووت « هاوڕێم ، دونیا بۆ هێندە بچوکە؟»
وەک ئەوەی لە تاریکیدا نەمبینێت وەستاو ئاوڕیدایەوە و گووتی « لەبەر ئەوەی ئێمە خراپ تەماشایدەکەین…»
ئیکرامی کێوی ئەو شەوە نەیدەهێشت لەگەڵ خەیاڵەکانمدا بڕۆم ، نەیدەویست هەست بە دڵنیایی بکەم .
دەیگووت :« دڵنیایی دەتکوژێت… موزەفەری سوبحدەم ، دڵنیایی خەوت لێدەخات ، وەک چۆلەکەیەک کە دڵنیایی کوێریدەکات و ناهێڵێت پشیلەکان ببینێت… سامن هەرگیز دڵنیانەبووم…. هەرگیز»

گفتوگۆی نێوان سوبحدەم و ئیکرام لە ڕۆمانی دواهەمین هەناری دونیا.
بەختیار عەلی لە قەسیدەی ئەشقدا دەڵێت «کەس باکی بە قەترەیەک شەونم نییە لە دۆزەخدا.» ئایە بەڕاست مرۆڤ باکی پێی نییە یاخود بوێری ئەوەی نییە ئاشنا ببێتەوە پێی؟
هەمیشە بەلای من ترسناکترە مرۆڤ بکەوێتە بژاردەی نێوان ڕێگەیەکی سەرتاپا تاریک لەگەڵ ڕێگەیەک کە ڕووناکی تێیدا زوو کۆتایی دێت وەک لەوەی تەنها یەک ڕێگەی تاریکی لەبەردەم بێت. ترسناکە مرۆڤ بۆ چەند چرکەیەک ژەهری هیوای بچێتە لاشەیەوە و لەزەتی نەبوونی بارگرانی ببینێت.
هەمیشە قەترەیەک شەونم لە دۆزەخدا بەلای منەوە قەترەیەکە لە ژەهر، هەر بۆیە بەختیاریش دەڵێت کەسی باکی پێی نییە. دواجار من ئەو بێ باکییە دەبەستمەوە بە ترسی گەورەی مرۆڤ بە ئاشنابوونە کورتەکانەوە، بەوەی کە نەتوانێت دووبارە لەگەڵ دۆزەخی خۆیدا هەڵبکاتەوە.
هەموو شتێک سەر بە ڕەگەزی لە یادکردن بوو بەڵام تۆ دەتویست ئەبەدی بیت، تۆ منت نەدەبینی، هەتا یەک کەس یەک باڵندە یەک مێرولەی بچووکیش منی نەدەبینی، لە ژێرەوە لەوبەر پەنجەرەکانی لە یادکردندا سەیری تۆم دەکرد و وەکو بارستەیەکی زەرد دەدرەوشایتەوە.
تەنها کە لە ژێرەوە لە بوونەوەرێک دەڕوانیت دەزانیت لە یادکردن چ حیکمەتێکی قووڵی هەڵگرتووە، تەنها ئەو ساتەی کە لەبەردەم پەنجەرەکانی لە یادکردندا تێدەپەڕیت دەزانیت مردن هیچ نییە جگە لە پاسەوانی ئەو یادەوەریانەی کە پێویستە لە یادبکرێن.
من نەمدەتوانی دڵی خۆم بەو بارستە زەردە نەدەم، نەمدەتوانی ئارەزوو نەکەم کە سەر بە گەردیلەیەکی زەرد بم.
بە دەروازەی لە یادچووندا تێدەپەڕیم و لە پەنجەرەکانییەوە سەیری تۆم دەکرد، دووبارە پێیدا تێدەپەڕیم و سەیری تۆم دەکرد، سێ بارە تێدەپەڕیم و سێ بارە سەیری تۆم دەکرد، دەمویست هەزاران جار دەروازەکانی لە یادکردن ببڕم تا ئەو نەخشە زەردە لە یاد نەکەم، تا تامی ئەو کاسە پڕ لە ئەبەدییە لە خەیاڵم دەرنەچێت.
هەندێک جار لە یادکردن چەند جوانترە لە ئەبەدی بوون، گەر لە یادکردن نەبوایە هیچ شنەبایەکی نوێ نەیدەتوانی ئەو یارییە کۆتایی پێ بهێنێت و سەرلەبار دووبارە نهێنییەکانی خۆم لەبەردەم ئەو پەنجەرەیە بە تیشکە زەردەکانی تۆ بدۆڕێنم.
شەوێک لەم شارە هەڵدێین، چی مرواریی پێکەنینە دەیدەین بە قاچاغچییەکان، چەند ساڵە چیمان کۆکردۆتەوە لە خەندە، دەیدەین بە چاوساغێک لێرە دەرمانبکات، شورای ئاسنینی ئەم بەختەوەرییە دەبێت درزێکی تێدابێت، دەمانەوێت بچین بۆ چیایەک، بۆ سەر ترۆپکێکی دوور و لەوێ بە ئازادی بگرین. بەڵکو دڵی غەمباری من، بەڵکو دڵی غەمباری تۆ، لەوێ شاد بێت، بابچین بۆ سەر دەریایەک کەی ویستمان لەوێ غەمگین بین، با بچین بۆ شوێنێک نائومێدیی لەوێ ئازاد بێت.

بەختیار
هەندێک جار دوای سەیرکردنی فیلمێک یاخود خوێندنەوەی کتێبێک بە تەواوی دەروونت ماندوو دەبێت لە بیرکردنەوە، ئێستا دوای خوێندنەوەی کتێبی نامەیەک بۆ باوکم (هی کافکا) بە تەواوی لەو دۆخەدام. بەڕاستی ئێستاش نازانم کتێبی خراپ بوو یاخود باش؟ بەڵام پێشموایە پرسیارێکی گەمژانەیە کە هەڵسانگاندێکی وا بکات. پرسینی سوود بەلای منەوە هەمیشە مانای کتێبەکان دەشێوێنێت.
لە ڕاستیدا گەر ڕاستگۆ بم بەلامەوە کتێبێکی ترسناک بوو، گورزەیەک لەو ترسەی کافکا بەرامبەر باوکی دەیتۆقاندم، هەمیشە دەیبردمە ئەو پرسیارەی «گەر هەستت کرد بوویتەتە باوکێکی لەو شێوە چی دەکەیت؟» لە ڕاستیدا هەرگیز خەیاڵی ئەوەم نەبووە کە باوکێکی چەوسێنەر بم، بەڵام ئایە هەرگیز هیچ باوکێک بەر لەوەی منداڵەکەی بێتە دونیاوە خەیاڵێکی وای هەبووە؟
ئارەزووم نییە خۆم لە ناو تاریکی و نائومێدی خەیاڵاتی واوە نووقم بکەم، بەڵام نابێت مرۆڤ مەترسی ئەوە فەرامۆش بکات ببێتە کەسێک کە نامەیەکی لەو چەشنەی بۆ بنووسرێت کە گرنگ نییە لە چ جۆرە چەشنێک بێت، یاخود لە ژێر کاریگەری ترسەوە نوسرابێت یان نائومێدی… دواجار نامەیەکی لەو جۆرە هەمیشە ترسناکە.
«من بۆ کوێریەتی دەگەڕێم زوڵمەتم بەشی هیچ ناکات.»
ژیان هەندێکجار هەر ئەمەیە کە هەیە و هەندێکجار هەر ئەوەیە کە نییە.

|وریا مەزهەر
لە یەکێک لە شانۆنامەکانی بەختیار عەلی کە زۆر سەرەنجمی ڕاکێشا ئەو دێرە بوو «مرۆڤ تاکە بوونەوەرە کە باوەڕ بە درۆکانی خۆی دەکات.» سەرەتا بەلامەوە سادە دەردەکەوت بەڵام بە تێپەڕبوونی کات ئەو دێرە هێواش هێواش مانای گەورەتر و کاریگەرتر دەبوو، بە تایبەت لەو کاتانەی کە خەیاڵم دەچووە سەر باسی خەون و ئارەزووی مرۆڤەکانەوە.
کە مرۆڤ دەیەوێت هەستێک تاقیبکاتەوە و دڵنیایە بەرەو هەڵدێری دەبات بەڵام لە هەمان کاتدا هەر دەیکات چ جا لە ژێر کاریگەری خەون بێت یاخود هی ئارەزوو بێت.
دیوتە چەند ساویلکانەیە؟ بەبێ ئەوەی باکی هەبێت دەستی دەخاتە ناو نادیارەوە، ناو جێگەیەک جگە لە هیوایەکی کوێرانە هیچی تری تێدا نییە؛ کە ئەمەش تەواو دژی یاسا جەستەییەکانی خۆیەتی، یاسا جەستەییەکانی مرۆڤ هەمیشە پەرچە کردارەکانی بۆ ئەوەیە لە ئازار ڕزگاری ببێت بەڵام گەر مرۆڤ لەو کاتەی بێ باکانە خۆی دەخاتە نێو نادیارەوە لە ژێر چ بیر و باوەڕێکە؟
دەتوانم بڵێم جگە لەوەی باوەڕی بە درۆکانی خۆی کردبێت هیچی تر نییە.
بۆ ئەو ڕۆژانەی لە خۆشەویستی دەگەڕێی، من لێرەم، لە کەناری ڕۆحتدا ئارام سەیرت دەکەم بەبێ ئەوەی ئومێدی ئەوەم هەبێت لێم بڕوانیتەوە.
یەکێک لە سۆزانییەکانی ڕۆمانی یانزە خولەکی پاولۆ دەڵێ “ئەوانەی گەیشتن بە دڵم نەیانتوانی جەستەم بخروشێنن، ئەوانەیشی جەستەمیان خروشاند نەگەیشتن بە دڵم.”
هەندێک جار پێتوایە بە زەمینەکردن لە دووبەرەی جیهانێک دەتوانی نەخشەیەک بکێشێت کە هەردووک بەرە لە خۆ بگرێت و نەخشەکەت بکەیە پردێک لە نێوانیان بەڵام هیچ شتێک لەوە ئاڵۆزتر نابێت بۆ ڕێبوارێک کەوا هەوڵبدات دوو بەرەی جیهانێک بە یەکەوە ببەستێتەوە کە سەر بە یەکتری نین.
ڕۆژێک فرانز کافکا لەگەڵ گوستاڤ جانۆچ‌ـی ھاوڕێیدا لە پراگ، هێرمان کافکاـیان بینی کە دوکانەکەی دادەخست. باوکی کە کافکاـی بینی، بەتوڕەییەوە وتی ”فرانز! بڕۆ ماڵەوە، ھەوا شێدارە.“ کافکاـش بەھێواشی بە ھاوڕێکەی وت، ”باوکمە. خەم لە من دەخوا. خۆشەویستی ھەندێک جار ڕووخسارێکی شەڕانی ھەیە.“
نامەیەک بۆ باوکم
فرانتس کافکا

“باوکی ئازیزم ماوەیەک لەمەوبەر لێت پرسیم «بۆوا ڕەفتار دەکەیت وەک ئەوەی لێم بترسیت؟»
وەکو هەموو کاتێک نەمتوانی وەڵامت بدەمەوە. یەکەم هۆکار ئەوەبوو هەر بە ڕاستی لێت دەترسم، هۆکارەکەی تریش چونکە سەرچاوەی ئەو ترسە پێویستی بە شیکردنەوەی زۆر هەبوو کە نەمدەتوانی هەموویت بۆ باسبکەم بەیەک جار.”
شیکردنەوەی ئەو ترسە نامەیەکی دوور و درێژ دەهێنێتە نووسین کە قەبارەکەی ١٠٠ لاپەڕە دەبێت، وە پێویستی بە دوو مانگ دەبێت بۆ نووسینی. نامەیەک فرانتس تایبەت باوکی بۆ دەنووسێت کە تێیدا زۆرینەی ڕەفتارە بەد و شەڕانگێزیەکانی باوکی دەخاتە ڕوو لە تەمەنی هەرزەکاری و مندڵیدا. بە ئاشکراش فرانتس هێرمانی باوکی سەرەڕای ئەوەی بە نموونەی هێزی خۆی دادەنێت بەڵام تۆمەتباریشی دەکات بەوەی کە وەکو منداڵێکی لەڕ و لاواز و ترساو و ڕاڕا گەورە بووە کە ڕەفتارەکانی هێرمانی باوکی هۆکارە. بەڵام فرانتس کافکا هەرگیز نامەکە بە باوکی نادات بیخوێنێتەوە، ئەمەیش لەبەر ئەوەی دڵنیایە باوکی بایەخ بە نامەکە نادات.
ئەو نامەیە تا ڕادەیەکی زۆر کەسایەتی کافکامان بۆ ڕوون دەکاتەوە و تێماندەگەێنێت بۆچی کافکا کورتە ڕۆمانێکی وەک “بەدگۆڕانی”ـی نووسیوە. وەک لە نامەکەدا ئاماژەی پێ دەدات و دەڵێ “تۆ هەمیشە بابەتی نووسینەکانم بوویت، ئەو گازندانەی نەمتوانی ڕووبەر لێتی بکەم، لە نوسیەنکانم گوزارشتم لێ دەکردن.” لەو کورتە ڕۆمانەدا کەسایەتی سەرەکی ڕۆمانەکە”گریگۆر سامسا” دەگۆڕێت بۆ جانەوەرێکی قێزەون. هێواش هێواش بەپێی تێپەڕبوونی کات ئەو جانەوەرە بەهۆی فەرامۆشی و ڕەفتار تووندی خێزانەکەی(تایبەت هی باوکی) لاواز دەبێت و گیان دەدات. ڕوونە کە کافکا لە بەرامبەر باوکیدا خۆی بە بوونەوەرێکی قێزەون زانیوە، هۆکاری لاوازبوونیشی هەر ئەمەیە.

-ئامانج
چەند بەشێک لە نامە درێژەکەی کافکا بۆ باوکی:
“هەستی تاوانباری لە مندا لە ڕاستیدا لە تۆوە سەرچاوە دەگرێت.

«شەوێک بۆ ئاو دەگریام، تینووم بوو، بەڵام بەشێکی گریانەکەش ئەوەبوو دەمویست بێزاریان بکەم و خۆمی پێ بخافڵێنم. دوای ئەوەی چەند جارێک ھەڕەشەکانت سەریان نەگرت، ھەستایت و لەو جێگەیەی لێی دەخەوتم، دەرت هێنام و لە ماڵەکە منت کردە دەرەوە، لەوێ بۆ ماوەیەک بە جلی خەوەوە جێت ھێشتم و دەرگەت لەسەر داخستم. من ناڵێم ئەم کارە ھەڵە بوو، ڕەنگە ئەمە تەنھا ڕێگە بووبێت بۆ بەدەستھێنانی کەمێک ئارامی لەو شەوەدا. دەتوانم بڵێم لەدوای ئەو ڕووداوە زۆر گوێڕایەڵتر بووم، بەڵام ناخمت ئازار دا.»

تۆ هەمیشە بابەتی نووسینەکانم بوویت، ئەو گازندانەی نەمتوانی ڕووبەر لێتی بکەم، لە نوسیەنکانم گوزارشتم لێ دەکردن.

لەنێوانی من و تۆدا شەڕی ڕاستەقینە ڕووی نەدا، گەر ڕووی بدایە، ئەوا دەستبەجێ‌ هێز و هەرەکەتم نەدەما. هەربۆیە بەردەوام ڕامدەکرد و خۆم دەخواردەوە و نائومێدی و خەم و ناسۆرەکانم دەشاردەوە و لەگەڵ خۆمدا بەشەڕدەهاتم.”
«دەمەوێت بخەوم، چەند خولەکێک یان چەند سەدەیەک»
هەمیشە ویستوومە نامەیەکی زۆر زۆر درێژت بۆ بنووسم، لە کۆتا دێڕیشدا وەکو هەموو پەیوەندییە باوەکان بۆت بنووسم «ئەوەی خۆشتی دەوێت.» بەڵام لە ڕاستیدا ئێستا تێدەگەم ئەوە ویستی ڕاستەقینەم نەبووە، لەبەر ئەوە نا کە بمەوێت هەتا پەیوەندی نامەییش کۆتایی پێ بێت لە نێوانمان، بەڵکو لەبەر ئەوەی دەترسم نامەکان مەرەکەبی خەیاڵەکانم ببەن.
بە بڕوای من خۆشەویستی بێ بەرکەوتن دەژی، بەبێ ئومێد دەژی، بەبێ گۆڕینەوەی سۆز دەژی بەڵام بەبێ خەیاڵ نا. بیرمە جارێک پێمگووتیت «ئەشق بریتییە لەوەی ڕەگەزێک لە ڕەگەزێکی تر جیا بکەیتەوە.» پێموایە بەر لە هەموو شتیک بۆ ئەو جیاکردنەوەیە ئەشق پێویستی بە خەیاڵە، پێویستی بەوەیە کەوا لە دەروازەیەکانی خەیاڵەوە بڕواتە ژوور، لەو دەروازەیەی هەرگیز هیچ کەسێکی تر پێیدا تێ نەپەڕیوە؛ ببێتە بوونەروەرێک کەوا هەرگیز هیچ بوونەوەرێکی تری هاوەشیوەی نەبووبێت.
نازانم تا چەندێک دەتوانیت هاوڕام بیت؟ ڕەنگیشە بێ مانا بێت کەوا ئەشق لە جیاکردنەوەی مرۆڤێک لە مرۆڤەکانی ترەوە ببینیەوە و دواتر لە خەیاڵتەوە هەڵیکێشیت بۆ ڕەگەزێکی تر، بەڵام بەهەرحاڵ.
دەبێت وەکو چۆن کافکا داوا لە میلینا دەکات و دەڵی “یارمەتیم بدە میلینا، هەوڵبدە لەوەی دەیڵێم زیاتر تێبگەیت.” منیش وات پێ بڵێم. گەر کۆمەکیم نەکەی و زیاد لە پێویست تێنەگەیت لەوەی دەیڵێم کەوا پەیوەندی نێوان دوو مرۆڤ بەر لە هەموو شتێک بۆ زیندوو مانەوە پێویستی بە خەیاڵە نەک بەرکەوتنێکی هەمیشەیی، هەرەس دەهێنم.
لە کۆتاییدا من دەمەوێت بەر لە هەر شتێک خەیاڵم بم، گەر نامە دوور و درێژەکانم بنووسمەوە من دەبمە نامەیەک بۆت نەوەک خەیاڵێکی ئاڵۆز و هەنێک جار بکوژ و جاڕزکەر، وە هەنێک جاریش خەیاڵێکی پڕ لە هەتاو و ڕووناکی.
هەستم بە خراپی دەکرد، بە شێوەیەکی ئاسایی ڕاهاتووم کە شتێک بە باشی نەگوزەرێت لە دەوروبەرم سەیری فیلمێک بکەم تا لە بیری بکەم. خستمە سەر فیلمی The Godfather بەشی دووەمی، بەڵام فیلمەکەم لە ناوەڕاستدا بەجێ هێشت و بە نائارامی خستمە سەر گۆرانی خۆشت بوێم یان بەجێم بهێلە، دوای چەند دێڕێکی جۆلیۆ بە هەمان شێوەی فیلمەکە گۆرانیەکەشم ڕاگرت؛ بە هێواشی بە خۆمم گووت: هەموو شتێک لە دەوروبەرت باشە، ئەوەی خراپە تۆیت.
گۆرانییەکی جۆلیۆ هەیە بە ناوی «هێشتا نەگۆڕاوم» لە پێشووتردا زۆر گوێم لێ دەگرت بەو خەیاڵەوەی هیچ شتێک لە مندا نەگۆڕابێت و هەمان کەسی پێشووم بە هەمان هەستەوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە خودی گۆڕانی من بوو.
گۆڕانی من ئەوە نەبوو کە ئیدی هەوڵ بدەم هەمان کوڕ نەبم، بەڵکو هەوڵدانی من بوو بۆ ئەوەی هەمان کوڕ بم. جیاوازە ئەوەی هەوڵ بدەی ببیتە کەسێک لەگەڵ ئەوەی خۆت ئاسایی ئەو کەسە بیت بەبێ ئەوەی پێویستیت بە کۆمەکیەک بێت
بتباتەوە بۆ ئەو کەسە.
ئەم ئێوارەیە کە گوێم لەو گۆرانییە گرتەوە هەستم بە گۆڕانی خۆم دەکرد، غەمبارانە بەزەییم بەوە دەهاتەوە کەوا من چیدی ناتوانم خۆم لە ناو ئەو کەسایەتییە جوانە بدۆزمەوە کەوا خەیاڵم دەکرد و کەمێکیش شانازیم پێوە دەکرد.
هەمیشە گۆڕان دوو جۆرە، دانەیەکیان بۆ ئەوەیە لە شتێک ڕا بکەیت و ئەوی تریان بۆ ئەوەیە بۆ شتێک ڕا بکەیت. بەڵام من سەر بە ڕەگەزی سێهەمم، لە کاتێکدا بەشێک لە من ڕا دەکات بۆ ئەوەی ببمەوە کوڕەکەی جاران و هەموو شتێک لە مندا تیشکێک بێت، بەشەکەی تریشم بەزەیی بەوەدا دێتەوە.
2024/06/06 12:27:29
Back to Top
HTML Embed Code: