Telegram Web Link
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[44]
ــــــــــــــــــــــــــــــ
"لەوەتی هەم خەو دەبینم"

لەوەتی هەم خەو دەبینم،
خەونی مەخمەریی خاسەڕەنگ!
خەونی بڵند وەک ئەستێرە،
خەونی تیژڕەو وەک تیشک و دەنگ

لەوەتی هەم خەو دەڕوێنم،
ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، ساڵ لە دوای ساڵ،
خەو دەڕوێنم.
کەوشەن بە کەوشەن، ماڵەوماڵ
خەو دەڕوێنم.

***

هەندێ جاران، کە دەنووسم،
پەیڤێک لێرە، یەکێک لەوێ، یاخی دەبن.
من پیادەم و ئەوان سوار
من بێباڵ و ئەوان باڵدار.
هەر چەند دەکەم نایانگەمێ
هێندە سرک و دوورەدەستن.
کە دەڕازێم_
سەرم دەکەن بە پلوورە و شانەی شیعر هەڵدەبەستن.

***

جار هەیە سمۆرەیەکی سرک و قیتەڵ،
ئەم چڵ، ئەو چڵ، لێم ڕادەکا.
هەرکە خەوم لێ دەکەوێ_
بە پێی خۆی دێ،
لەسەر لەپم سەما دەکا.

***

جار هەیە جەنگی ئەستێران،
تشێڕنۆبل، هەڵەبجەی وێران،
دەمامکەکەی مایکڵ جاکسن،
لە شووشەدا مرۆڤچاندن،
ئینتەرنێت و کونتێبوونی چینی ئۆزۆن_
ڕاوم دەنێن... دەمتۆقێنن...
کە دەڕازێم؟

گەردوون بەهەشتی سەرمۆرە:
ئەستێرەکان
یەکەم شەوە تاریکایی دەترووکێنن؛
یەکەم وەرزە ، وەکوو بەهێ،
بە پەلوپۆی ئاسمانەوە دەجریوێنن!

***

کە بێدارم _دەبینم
چەند تنۆکەئاوێکی
زەندەقچووی بەرهەتاوین.
کە دەڕازێم _دەبینم
تیشکی خۆر دەخۆینەوە،
خوڕەمان دێ ، شەتاوین.

***

لەوەتی هەم خەو دەبینم :
ساتێک ئازیزەکەی ئەوێم
(کیژە ئەسمەرەکەی هەولێر)
لە فڕگەدا چاوەڕێمە
(هەر خۆی و باقەیەک کنێر)

پێش ئەوەی ماچبارانی کەم،
یا توند لە ئامێزی بگرم،
لێم دەپرسێ،
چۆن بەسەرچوو کۆڕی شیعری دیاربەکرم!
ساتێکی تر لەو خەوەدا
لە مەهاباد نەرمەشیعر دەخوێنمەوە،
قامیشلی بۆم لە قرمژنی چەپڵە دەدا.

***

من هەر وا بووم،
ئێستاش هەر وام:
لەوەتی هەم خەو دەبینم.
لەوەتی هەم خەو دەڕوێنم:
ساتەوەختێک،
بە دەستێکم شواری کێوی حەمرین دەگرم،
دەستەکەی دیم شانەیەک،
وردە پێلی (گۆلی وان)ی پێ دادێنم.

ساتێکی تر،
پێیەکەم لە هەورامانە،
ئەوی ترم...
بەرەو عەفرین سووک هەڵدێنم،
تا دەستماڵی سیاچەمانە
لە گەردنی کێلی لاوک بئاڵێنم.

***

لەوەتی هەم خەو دەبینم
لەوەتی هەم خەو دەڕوێنم:
ساتێک ...لەوێ...
لە پۆستەخانەی بایەزید،
دەبینم ... حەزرەتی خانی
خەرمانەی نوور دەوری داوە.

لێی دەچمە پێش،
سام دەمگرێ...
سەرنج دەدەم، ئەویش وەک من شڵەژاوە.
من لە شەرمی گەورەیی ئەو،
ئەویش تا بە ئێکسپرێس کەوش و کاڵەک*
بۆ فەقێیە کۆییەکەی خۆی
ڕەوان بکا بەرەو باڵەک!

***

لەوەتی هەم خەو دەبینم.
لەوەتی هەم خەو دەڕوێنم :
نیوەشەوێک لە خەومدا
برووسکە لێی دام و مردم.
هاوڕێیانم لە سێبەری دارەبەنێک،
لەسەر تاتەشۆرێکی ئاڵ،
تەرمەکەیان درێژ کردم.

ئاوەچۆڕەی دەوروبەرم،
پەیتا پەیتا، بوو بە جۆگە،
پاشان بە چەم!
قازوقورینگ قەتاریان بەست،
ئاوێتە بوون، پڕیشکی ئاو
و تیشک و تەم!

لەو ناوەدا
بێشکەی دنیای ڕادەژەنی
شنەبایەکی یەزدانی.
یاسەمەن خوناوکەی دەکرد،
ئاسمان پڕ بوو
لە ئەستێرەی ڕەنگ قەزوانی

کە کفنیشیان کردە بەرم،
لەپڕ کفنەکەم خۆی هەڵخست،
بەرز بۆوە،
ڕەنگی گۆڕا،
بووە پەلکەزێڕینەیەک
نەرم و شلک ،ئاڵوواڵا...

زۆری نەبرد،
هەڵیکردە کزەبایەک،
بینیم ... پەلکەزێڕینەکە
شەکایەوە و بوو بە ئاڵا!

لەوەتی هەم خەو دەبینم
خەونی مەخمەریی خاسەڕەنگ.
خەونی بڵند وەک ئەستێرە،
خەونی تیژڕەو وەک تیشک و دەنگ!

****

📚فەرهەنگۆک:
🔸مەخمەری: مەخمەڵی
🔸سرک: سڵ، ڕەوەک
🔸قیتەڵ: گیانداری بچکۆلانەی قنج و وریا

🔸دەڕازێم: دەخەوم،
(ڕازان): نووستن، خەوتن
🔸پلوورە: کوورەی هەنگ، کەندووی مێشەهەنگ
🔸زەندەقچوو: ترساو، تۆقیو
🔸تاتەشۆر: ئەو بەردە پانەی مردووی لەسەر دەشۆن

*ئاماژەیە بۆ بەیتێکی شاعیر حاجی قادری کۆیی:
/وەبیرت دێ زەمانی چووینە باڵەک
بە پێخاوسی، نە کەوشم بوو نە کاڵەک/
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

🗓(1997/4/30_هێلسنکی )

📚 #دیوانی_بەرەو_زەردەپەڕ

#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[45]
ــــــــــــــــــــــــــــــ
"دوو مێوان"

زەرد ئەسمەرێکم لایە.
ناوێرم بڵێم زێدە،
لێ شیرینە وەک زێدێ
دەنگی فێنکایی کەپرە،
مێرگی سینگ و بەرۆکی
بۆنی کنێری لێ دێ

***

لە سووچێکی بەرامبەرم
بیرۆکەیەک هەڵکورماوە،
کەزی و بسکی دەکاتەوە و
دایدەهێنێ، چین چین ، تا تا؛
بە شێنەیی دزە دەکا و
تەمی ناخم دەترووکێنێ
وەک تیشکی پیرۆزی گاتا.
خوایە ، چیبکەم؟
نازانم چۆن
دەستەملانی دوو ئازیز بم
لە یەک کاتا؟!

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

🗓( 1997/8/1_هێلسنکی)

📚 #دیوانی_بەرەو_زەردەپەڕ

#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[ 46]
ــــــــــــــــــــــ
"لێکدانەوە"

وا چرکەساتی لێکدانەوەیەـــ
هەرچی پرێسکه و
شڕەدەفتەری کەلاوەی یادە،
هەمووم هەڵخستوون وەک بازرگانێ...

پەشیمانم و پەشیمانیش نیم،
کەوا سەدەفی سەدان لەش گەڕام
بۆ دۆزینەوەی مرواریی گیانێ!

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

🗓(2\8\1997_هێلسنکی )

📚 #دیوانی_بەرەو_زەردەپەڕ

#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[ 48]
ــــــــــــــــــــــ
"ژان"

بەم نیوەشەوە
هەروا پرسیارە و فڕکەی باڵی دێ.
حەجمانم نییە،
دیسان گێژ دەخۆم وەکوو گەردەلوول.

هەندێ خەم چەشنی دەریا کراوەن،
هەندێ وەک تۆمار، سەربەمۆر و لوول.
دیارە هەویری شیعرێکی تازە
هەڵاتووە بە خەم،
هەر هێندە ماوە،
بە گزرەی خەیاڵ تەندوورێک جۆشدەم!

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

🗓(19\3\1998_هێلسنکی )

📚 #دیوانی_بەرەو_زەردەپەڕ

#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[ 49 ]
ــــــــــــــــــــــ

" ئەلارم"

من:سەعاتێکی زەنگدارم
بۆ ئەوە بووم،
تا لە کات و ساتی خۆیدا
بۆ زەنگلێدان لە خەو ڕابم.

دوگمەی دەنگم هەر لای مەرگە،
تا ئەو ڕۆژەش زەنگ لێ دەدەم،
لێ دەدەم و بێدەنگ نابم!
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

🗓(‌  30\3\1998 ــ هێلسنکی)

📚 #دیوانی_بەرەو_زەردەپەڕ

#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[50]
ــــــــــــــــــــــــــــــ
"ڕواڵەت"

وا لەسەر پشت ڕاکشاوم،
بە ڕواڵەت ئاسوودە و ئارام...
گۆشەیەکی زەوی هەیە و
خۆر نایبینێ،

من لێرەڕا لێی بەئاگام
دەنگوباسی هەر پەنگرێک لە کوانوودا،
نووچەی تەرزی هەر دارمێوێک دەگاتە لام.

ساتەوەختێک دەپشکوێم
وەک کەرکووکی نەورۆزەکەی نەوەت و یەک،
چرکەساتێک
لە هەڵەبجەی شازدەی مارتیش دڵتەنگترم.

بە ڕواڵەتیش
وا لەسەر پشت ڕاکشاوم،
لە بیستۆکی تەلەفۆنێک بێدەنگترم!

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

🗓( 20\3\1998_هێلسنکی)

📚 #دیوانی_بەرەو_زەردەپەڕ

#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[51]
ــــــــــــــــــــــــــــــ
"تاسە"

پەلەقاژەمە!
بەڵکوو، تا زووە،
هەندێ گەڵای دار،
هەندێ پنجەگیا و گوڵەکێویلەی
ئەوێ دەسگیر کەم.

ناترسم ناویان لە یادم بچێ،
بەڵام دەترسم...
بۆنیان لەبیرکەم!

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

🗓( 30\3\1998_هێلسنکی)

📚 #دیوانی_بەرەو_زەردەپەڕ

#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[52]
ــــــــــــــــــــــــــــــ

"ئۆتۆنەمان"

کورد: مریشکە‌ڕەشەیەکە
بە تۆپیش ناجوڵێتەوە.
نازانم ماوە یا مردووە
دەیان ساڵە
لەسەر لوغمی ئۆتۆنۆمی...کڕکەوتووە!

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

🗓(1998_هێلسنکی)

📚 #دیوانی_بەرەو_زەردەپەڕ

#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[53]
ــــــــــــــــــــــــــــــ
"نەستەلژی"

چەند بیری ئەستێران دەکەم!
((تەنیا لەوێ هەر ئەستێرەو بۆ جێژوانێک ڕێنمایە))

چەند بە عەزرەتی ئاسمانم!
((تەنیا لەوێ ئاسمان دەریای ئاودامانی لەبەردایە))

بۆ بۆنێکی خواکرد شێت بووم!
((تەنیا لەوێ هەر کولیلکێک شووشەبۆنی سەرواڵایە))

                  **
🔸نە
ستەلژی:
تاسەی نیشتیمان،سۆزی غوربەت
🔸کولیلک: شکۆفە یان گوڵی گژوگیا و دارودرەخت
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

🗓(1999/2/26_هێلسنکی )

📚 #دیوانی_بەرەو_زەردەپەڕ

#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
[54]
"خەڵات"

ژینێکی ترم خەڵات کە، خوایە!
با کورت بێ، وەک هی گوڵ و پەروانە،

بە هەر بستێ عەرد من قنیات دەکەم،
بەڵام تیا نەژیم وەکوو بێگانە!

#دیوانی_بەرەو_زەردەپەڕ
#عەبدوڵڵا_پەشێو
🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[55]
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

"باڵا"

لەوەتی من هەم، سەرنجم داوە،
ڕێگەی گوڵگوڵیی
تەخت و بەخت و کام
بە بن کەوانەی تاقێکدا دەڕوا
کە نەویترە لە خاچی باڵام!

من قەت دەسکاریی بەژنی خۆم ناکەم
هەتا ئەو ڕۆژەی سەر دەنێمەوە،
نەمام بووم
زریان نەیچەماندمەوە،
خوایە، بە پیری ... نەچەمێمەوە!
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

🗓(1999/4/28_هێلسنکی )

📚 #دیوانی_بەرەو_زەردەپەڕ

#عەبدوڵڵا_پەشێو
🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
(۵٦)
"هەوێ"

با بە تاقی تەنیا بم
نە سیڕەی دەرگەم دەوێ
نە ترپەی هەنگاوی تۆ
لێم دوورکەوە،ئازیزم
من شەڵاڵی شیعرێکم
لەسەر سیحری چاوی تۆ!

📚 #دیوانی_بەرەو_زەردەپەڕ
#عەبدوڵڵا_پەشێو
🆔 @abdulla_pashew
🔶🔹
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۵۷]
ــــــــــــــــــــــ

"پیری"

کاتێ، جاران
تەمی خەمێک،
لە سەد پێچ و کەنارەوە،
شەپۆل‌ شەپۆل،
قەف قەف دەهات،
دایدەگرتم بە ترۆپک و بنارەوە

بیرم لەوە دەکردەوە
کە سەودایەک، عیشقێکی نوێ..
سبەی بە داری عومرەوە
گۆپکە دەکا و دەپشکوێ

کەچی ئێستا،
کە دڵتەنگی قانگم دەدا،
کە دەبینم ئێجگار ماتم
بیر لە جوانێک دەکەمەوە،
کە فڵان ساڵ،
لە فیسار جێ تووشی هاتم!

**

🔸ترۆپک: قوللە، کۆپ، کمت، لووتکە، تۆقەڵە
🔸گۆپکە: پشکۆ، چرۆ؛ گۆی مەمک
🔸قانگدان: دەرپەڕاندنی گیاندار بە دووکەڵ
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🗓(۱۹۹۹/۵/۳ - هێلسنکی)

📚 #دیوانی_بەرەو_زەردەپەڕ

#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۵٨]
ــــــــــــــــــــــ

"شیعر و تاج"

کە سەر بەشانم دەکەی،
شای وڵاتی پەرییانم
کە گڕ دەگری و دەتۆرێی،
شاعیری خەم و ژانم

ئەگەرچی تاج و شیعر،
وەتی دنیا دنیایە،
چەشنی ڕەشەبا و مۆمن
بەڵام، دڵەگۆڕکێت خۆش،
هەردووک لە بن ڕکێفمان،
بەجووتە دەستەمۆمن!
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

🗓(۱۹۹۹/۹/۹ - هێلسنکی)

📚 #دیوانی_بەرەو_زەردەپەڕ

#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۵۹ ]
ــــــــــــــــــــــ

   " ڕازێک"


من دوو ساڵە
سەوداسەری درەختێکم،
کە جێی پشت پەنجەرەی منە.
سەد جاریش خۆی گەڵاپۆش کا،
من بە ڕووتی ئەو دەبینم:
درەختی چی؟! شۆڕە ژنە!

بەڵام چەند دەکەم تێناگەم،
کە بەهاران
شیرینەکەم ژان دەیگرێ و
چرۆ دەکا،

کە پایزان
جگەرگۆشەی دادەوەرن
لەبەر بادا،

کە شەوگاران
کڕێوەیەک دەزریکێنێ و
هاودەنگ قاتە لە دنیادا ــ
خۆ من چرام تا بەیانی هەر دەسووتێ،
بۆچی جارێک لە پەنجەرەی ڕۆشنام نادا؟!
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

🗓(‌  ۱۰؍۹؍۱۹۹۹ ــ هێلسنکی)

📚 #دیوانی_بەرەو_زەردەپەڕ

#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[٦۰ ]
ــــــــــــــــــــــ

" شەفەق لە زەردەپەڕدا"

(۱)

بە مناڵی
شێتی کچەهاوسێیەک بووم:
ئەگەر ڕۆژێک نەمدیبایە،
کفرم دەکرد،
وام دەزانی
عەرشی ئاسمان بێ‌خودایە.

ئەگەر ڕۆژێک ناوی منی نەهێنایە،
وام دەزانی
چیدی کێشکە چینە ناکەن
لە پەساران،
پەڕەسێلکە ناسریوێنن،
خۆر هەڵنایێ لە جێی جاران.

* * *
بە مناڵی
شێتی کچەهاوسێیەک بووم..
هەرجارێکی وەڕەس دەبووین،
سەری خۆمان هەڵدەگرت و
لە شوێنێک، چەپەک و پەنا،
خانووچکەیەکمان چێ دەکرد،

ماڵیژگەیەکمان دادەنا:
هەرزاڵەیەک بۆ پێخەف و
کەندوولەیەک بۆ ئازووخە و
گۆزەڵەیەک بۆ سەر کانیاو.

هەر جارێکیش برسی دەبووین،
داردەستێکم زین دەکرد و
دەچوومە ڕاو!
تا من لەوسەر دەهاتمەوە،
قوڕ دەکرایە زمانەگا و
دەبرژێنرا لە بەر هەتاو!

* * *

بۆ ئەو کچە دەراوسێیە
سەرتاسەری دنیا گەڕام:
لە وێستگەی شەمەندەفەران،
لە فڕگەکانی هەندەران،
لە مەیخانە و پەرستگاکان،
لە هەموو دەریا و بەندەران....
چاوم گێڕا،
بێهوودە بوو!
نەمدیتەوە و نەمدیتەوە.
زۆرجار دەهات لە بیری کەم،
کەچی لەپڕ دەیترووسکاند
ژیلەمۆی بن خۆڵەکەوە.

(۲)

هەر ئەو شەوەی
بۆ یەکەم جار
ستێرێکی چاونمایی قوتبی باکوور
بۆمان بووە قیبلەنمای یەکەم دیدار،

بەچرکەیەک مەودا سووتا،
دیوار ڕمان
سەرتاپامان بوو بە نیگا،
موو بە موومان بوو بە زمان.
دیتت چ زوو
هەردوو باڵت لە من ئاڵاند؟

دیتت چ زوو
سەری سپیم
سنگی تۆی کرد بە نیشتمان؟

هەر ئەو ساتە،
هەر ئەو شەوە
گرفەی هات و گڕی هەڵسا
ژیلەمۆی بن خۆڵەکەوە.

هەر ئەو ساتە،
هەر ئەو شەوە،
تێگەیشتم
جووداییی من و هاوسێکەم
درۆیە، مۆتەیە، خەوە:
ڕوو هەمان ڕوو،
دەنگ هەمان دەنگ،
بۆنت هەمان بۆنی ئەوە!

**

📚فەرهەنگۆک:

🔸پەسار: پەنا، نوا، ئەنوا
🔸سریواندن: جریواندن، زریواندن، درەوشانەوە، شنەشنکردنی ئەستێرە وچرا و شتی تر، جریواندنی تەیروتوار

🔸چەپەک: جێی پەنا، شوێنێک هاتوچۆی بە سەرەوە نەبێ.
🔸ماڵیژگە: ماڵیکی خنجیلە و بچووک
🔸هەرزاڵە: کەپرێکی نزمە لە ماڵدا دەکرێ بۆ شت لەسەر دانان یان لەسەر نووستن

🔸زمانەگا: جۆرە کولێرەیەکی درێژکۆلەی زمانئاسایە بۆ زارۆیان دەبرژێندرێ.
🔸ترووسکاندن: بریسکانەوە، تەیسین

🔸ستێر: ئەستێرە، هەسارە، ئەختەر
🔸مۆتە: مۆتەکە، مێردەزمە، سرنجک، کابووس
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🗓(‌ ۲۸؍۴؍۱۹۹۹ ــ هێلسنکی)

📚 #دیوانی_بەرەو_زەردەپەڕ

#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[٦۱ ]
ــــــــــــــــــــــ

"هۆنراوەیەکی ناتەواو "

هەر بە وشە
نیگارێکی ئازیزەکەی خۆم کێشاوە.
سەیری دەکەم:
دەق خۆیەتی!
هەر بۆ گوێیە تەنکەکانی
گوارە ماوە.

                       *  *  *

فەرهەنگەکان
با بە خۆیان هەر بنازن،
با بڕسکێن،
با بخەمڵێن بە هەزاران وشەی بەدەو.
بە چی دەچن،
کە پەیڤێکیان تێدا نەبێ،
        بشێ ببێ بە گوارەی ئەو!

                   *  *  *
من ئەییووبم
بەئاسانی پشتی ئومێدم ناچەمێ.
وشەیەکە و عەوداڵیمە،
زوو یا درەنگ هەر دەیگەمێ ــ
لەسەر باڵی سیمرخیش بێت،
ئاسمان بست بست دەپشکنم.

بە زەویشدا بچێتە خوار،
بنزەویگەڕ هەبێ منم.
وشەیەکە و دەیدۆزمەوە،
ئەگەر بنپێی خەیاڵیشم
          شەقشەق و پارەپارە بێ!

گەر هەر نەبوو،
دایدەتاشم!
ناهێڵم گوێی ئازیزەکەم
بێ گوارە بێ!

                      **

🔸خ
ەمڵاندن: ڕازاندنەوە، جوانکردن
🔸بنزەویگەڕ: ئەوەی لەبن عەرد بە دوای شتێکدا دەگەڕێ
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

🗓(‌  ۲۰؍۱۲؍۱۹۹۹ یوتوبوری)

📚 #دیوانی_بەرەو_زەردەپەڕ

#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
Ébduĺĺa peşêw
🔹🔶🔹🔶🔹🔶 🆔 @abdulla_pashew [٦۱ ] ــــــــــــــــــــــ "هۆنراوەیەکی ناتەواو " هەر بە وشە نیگارێکی ئازیزەکەی خۆم کێشاوە. سەیری دەکەم: دەق خۆیەتی! هەر بۆ گوێیە تەنکەکانی گوارە ماوە.                        *  *  * فەرهەنگەکان با بە خۆیان هەر بنازن، با بڕسکێن،…
من ئەییووبم
بەئاسانی پشتی ئومێدم ناچەمێ.
وشەیەکە و عەوداڵیمە،
زوو یا درەنگ هەر دەیگەمێ ــ
لەسەر باڵی سیمرخیش بێت،
ئاسمان بست بست دەپشکنم.

بە زەویشدا بچێتە خوار،
بنزەویگەڕ هەبێ منم.
وشەیەکە و دەیدۆزمەوە،
ئەگەر بنپێی خەیاڵیشم
          شەقشەق و پارەپارە بێ!

گەر هەر نەبوو،
دایدەتاشم!
ناهێڵم گوێی ئازیزەکەم
بێ گوارە بێ!
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[ ٦۲ ]
ــــــــــــــــــــــ

" هەڵچوون"

ساردیت دەمکوژێ. دنیا پایزە و
بەدەنی منیش ڕووتترین خاکە


هاوینی تینوو لە ناخمدایە،
نمەی خوناوکە لێوم تەڕ ناکا.


دە بتریشقێنە، هەوری شاقەلشۆڕ!
دە ببرووسکێنە....ببارە....داکە.


هێڵی سنووری نێوان من و تۆ
تراویلکەیە، وەهمی تریاکە


گوارە و گەردانە فڕێدە لاوە،
بسکت بەردە، کەزیت ڕەها کە


ئەوەی گرێیە بیکەرەوە بۆم،
بە دوڕگەی ئەودیو تەمم ئاشنا کە


سنگت بەندەن و دشتی مەفتەنە،
ڕێی ڕەوەئاسکی پەنجەم واڵا کە.


لەشێک دەماری گڕی تیا نەبێ
کۆتەرەدارە ...داوەڵە....لاکە


گەمارۆی ناوێ، پەلامارم دە!
سەنگەر و قەڵام تەفروتونا کە


ڕنۆکت گیر کە لە شان و باسکم،
ئێسقان و پێستم هەلاهەلا کە.


لێوم کافرە، خوێنی حەڵاڵە،
گۆی مەمک و لێوت فێری غەزا کە.


لە ئاسوودەیی بەهەشت تۆقیوم ــ
هەناسەت گڕ دە، دۆزەخ ئاوا کە


بێدەنگی بەزمی گۆڕنشینانە،
دنیا پڕ نرکە و زیڕە و زەنا کە


هەڵبە، گڕ بگرە، نێڵە و لرفەت بێ،
تەزوو بچێنە، شۆڕش بەرپا کە


گیا بە ـــ بشنێوە، دەریا بە ــ پێل دە،
چاو لە بوولەرزە، لە ڕەشەبا کە .


پایزی لەشە و هاوینی ڕۆحە ،
لە ترسی خەزان دڵم خەمناکە.


دابارە سەرم! هەوری شاقەلشۆڕ،
نمەی خوناوکە لێوم تەڕ ناکا!

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
📚 فەرهەنگۆک

🔸خوناوکە: نەرمەبارانی پشک ورد
🔸شاقەل: داوێن، دامەن، پەراوێزی خوارەوەی کراس و کەوا و شتی تر
🔸شاقەلشۆڕ: داوێنشۆڕ

🔸مەفتەن: زێد، نیشتمان
🔸کۆتەرە: کۆلکەدار، قەدی دارێکی بڕاوە
🔸داوەڵ: داهۆڵ

🔸ڕنۆک: چنگوڕک، چنگی دڕندە و باڵندە
🔸پێل: شەپۆل
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🗓(‌ ۸؍۱؍۲۰۰۰ هێلسنکی)
📚 #دیوانی_بەرەو_زەردەپەڕ
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
2025/06/27 03:18:11
Back to Top
HTML Embed Code: