Telegram Web Link
یەکێک لە کارەساته هەرە گەورەکانی ژیانی ڕۆشنبیریمان له خۆرهەڵات، زاڵبوونی ئەو عەقڵییەتە سیاسییە بازاڕییەیە بەسەر تەفسیرکردنی هەموو دیاردەکاندا. عەقڵییەتی سیاسی کورتبین که جیهان تەنیا له سەتحی بیرکردنەوەی تاکتیکی و ستراتیژیی سیاسییە دەسەڵاتدارەکاندا دەبینێت، واته پشتکردنێکی قووڵ هەیە له خوێندنەوەی کۆی ئەو پرۆسانەی له ژێرەوە کۆی بونیادە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکە دەبەنە ڕێوە، چ له ئاستی بونیاد و چ له ئاستی سیستمی گووتار و چ له ئاست میکانیزمەکانی گۆڕان و خۆبەرهەمهێنانەوەدا.

"بەختیار عەلی"
له کتێبی "ڕەخنە له عەقڵی فاشیستی"
🍁🍃🌷🌼🌸💐🌾🌺🌻🌹🎋
🆔 @baxtyar_ali
بۆئەوەی بزانین سیستمێک دیموکراسییە یاخود دیکتاتۆری، گەلێک پێوەرمان لە بەردەستدایە، بەڵام گرنگترین پێوەر ئەوەیە بڕوانین : ئاخۆ لەم سیستمەدا پتر گفتوگۆ لەسەر مانای ئازادی دەکرێت، یاخود لەسەر سنوورەکانی ئازادی؟ ئایا پتر باس لە جەوھەری ئازادی دەکرێت یان لەسەر یاساکان و چۆنێتی ئیشکردنیان؟ ئایا چەقی قورسایی بیرکردنەوەی ئەم کۆمەڵگایە بە ئاڕاستەی تێگەیشتنە لە ئازادی یان بە ئاڕاستەی تێگەیشتنە لە قانون؟ لە ئێستادا کۆمەڵگایەکمان ھەیە، کەسانێک تێیدا قسە لە یاسا دەکەن و یاسا دادەنێن، دوور و نزیک خاوەنی وشەیەک نین لەسەر ئازادی. نوسەرگەلێک و سیاسەتمەدارانێک و یاساناسانێک ڕای گشتی دادەڕێژن و قانون دەنوسنەوە، ڕۆژێک لە ڕۆژان گوێمان لێ نەبووە تێڕوانینێک یان دیدێکی فیکری و فەلسەفییان بۆ ئازادی ھەبێت. بە کورتی: کارەساتی گەورەی کۆمەڵگای ئێمە ئەوەیە، بیرمانچۆتەوە قسە دەربارەی «ئازادی» بکەین.

"بەختیار عەلی"
پارچەیەک لە وتاری"لە ستایشی ئازادیدا"
🍁🍃🌷🌼🌸💐🌾🌺🌻🌹🎋
🆔 @baxtyar_ali
ئەو شتەی سیاسییەكان پێی دەڵێن «خەبات بۆ ئازادی»، ھەمیشە بەسەر ئێسك و پروسكی ئەویتردا تێدەپەڕێت، ئازادی ھەمیشە دەبێتە خۆئازادكردن لە ئەویدی. ئازادی لە سەدەی بیستی خۆرھەڵاتدا، لە ڕوانگەی زۆرینەی ھێزە گەورە و باڵادەستەكانەوە ئەوە بووە بتوانن ئەوانیدی بكەنە ژێردەستی خۆیان. ترسناكترین ھەستێك لە خۆرھەڵات كە بە ھەستی ئازادییەوە دەنووسێت و لێی جیانابێتەوە ئەوەیە، مرۆڤ تەنیا كاتێك ھەست بە ئازادی دەكات كە ئەوی بەرامبەر كۆیلە بێت، ئازادی ھەر پێكھاتێك پابەندی كۆیلەبوونی پێكھاتێكی ترە. عەرەب ئازادی خۆی لەوەدا دەبینێت ھەموو جولەكە فڕێبداتە دەریاوە، تورك ئازادی خۆی لەوەدا دەبینێت كورد قەلاچۆ بكات، ئیماندار ئازادی خۆی لەوەدا دەبینێت بێئیمان لەناوبەرێت. تا من دڵنیانەبم نەیارەكەم كۆیلەیە، ھەست بە ئازادی خۆم ناكەم.

"بەختیار عەلی"
لە كتێبی "زنجیرەكانی دۆن كیشۆت"
🍁🍃🌷🌼🌸💐🌾🌺🌻🌹🎋
🆔 @baxtyar_ali
خۆشەویستی بەبێ خەیاڵ وەک ڕێکەوتنی دوو دوکاندارە لەسەر تێکەڵکردنی دوکانەکانیان. ئەوەی سیحری خەیاڵ پێکیانەوە دەبەستێت، پەیوەندییان درێژتر و خۆگرتر دەبێت، خۆشەویستی ڕووت، زوو پیردەبێت و دەمرێت. بەڵام دوو بوونەوەر کە دوو خەیاڵی ناکۆتایان هەبێت، هەستبکەن هەردووکیان بە ڕێگایەکی درێژدا هاتوون و ئەو ڕێگایە لە دووری دوورەوە بە جۆرێک ئاڕاستەی وەرگرتووە بگاتە یەک، هەر یەکەیان تێشووییەکی درێژی ئازار و خەیاڵی پێبێت و بیەوێت نیشانی ئەوی دیکەی بدات، ئەوکات دەکەونە ناو دەریایەکی ناکۆتاوە کە تەنیا مەرگ دەتوانێت کۆتایی پێبهێنێت، خەیاڵ یەکێتییەکی قووڵتر و پتەوتر لە خۆشەویستی لە ناو ئادەمیزادەکاندا دروستدەکات.

"بەختیار عەلی"
له ڕۆمانی "غەزەلنوس و باغەکانی خەیاڵ"
🍁🍃🌷🌼🌸💐🌾🌺🌻🌹🎋
🆔 @baxtyar_ali
خەڵک زۆرجار ناچار دەبن واز لە خەونەکانیان بهێنن، ئێمە لە ڕۆژگارێکی ترسناکدا دەژین کە مرۆڤ دەبێ بتوانێ دەستبەرداری خەونەکانی بێت و بژی، دەبێت فێر بین ژیانمان لە ناو ئەم ئاگردانەدا ،بەربەست لەپشتی بەربەست، ئاودیو بکەین...
کە خەونەکان دەکوژرێن، تەنها شتێک کە مانای هەیە ژیان خۆیەتی، کەرامەتی تایبەتی ژیان و هەقی تایبەتی مرۆڤەکانە لەسەر زیندوێتی...
هەندێ قۆناغ هەیە لە مێژووی ئەم وڵاتەدا، زیندوێتی تیایدا هەموو شتێکە، گرنگ ئەوەیە بژیت...لەهەر کات و هەر جێیەکدا، گرنگ ئەوەیە بژین...من هەمیشە بۆ عەشق سووتاوم، بەڵام ئەو شەرەفەی کە مرۆڤ زیندوو بێت، شەرەفێکی کەم نییە...

"بەختیار عەلی"
لە ڕۆمانی " ئێوارەی پەروانە "
🍁🍃🌷🌼🌸💐🌾🌺🌻🌹🎋
🆔 @baxtyar_ali
This media is not supported in your browser
VIEW IN TELEGRAM
بەڕاستی تاعونێكی کوشندە بڵاو بۆتەوە، میللەتێك پێکڕا جگە لە کتێبی قوتابخانە هیچ کتێبێکی تر بە جدی ناخوێنێتەوە، هیچ هەواڵێك نایجوڵێنێت . تاکە خولیای ئەم خەڵکە بووە بەوەی خۆیان دەرخەن، سەردەمێکە مرۆڤ خۆی خستۆتە بازاڕێکی گەورەوە ، تا تەنیا پڕوپاگەندەی پووچ بۆخۆی بکات "
.
"بەختیار عەلی"
لە ڕۆمانی "کەشتیی فریشتەکان٢"
🍁🍃🌷🌼🌸💐🌾🌺🌻🌹
🆔 @baxtyar_ali
This media is not supported in your browser
VIEW IN TELEGRAM
"سەربەستی و ئازادی"

"بەختیار عەلی"
🍁🍃🌷🌼🌸💐🌾🌺🌻🌹🎋
🆔 @baxtyar_ali
ئێمە چەندین ساڵە هاواری ئەوەدەکەین فیکر و ڕۆشنبیری نابێت کورتبکرێتەوە بۆ خوتبە و هوتاف، کەچی لەم ساتەدا کە دەبێت ساتی تەقینەوەی توانا ئیبداعییەکان بێت، ساتی دەرچوون بێت لە سەتحییەت، ساتی دژایەتیکردنی سادەکردنەوە و تاک ڕەهەندی بێت، ئەو ساتە بێت تێیدا ڕۆحی کوردی ڕەهەندە بە توانا و کارا و داهێنەرەکانی دەردەخات، هەوڵێکی گەورە هەیە بۆ سەرخستنی تاک ڕەهەندی و عەقلییەتی هوتاف بەسەر عەقڵییەتی بیرکردنەوە و گۆڕانی ڕاستەقینەدا. تەواوی کایەی ڕۆشنبیری و سیاسی هێدی هێدی خەریکە کورتدەبنەوە بۆ وەعز و تەحریز و هوتافکێشان. ئەم دۆخە نەوەیەک لە شۆڕشگێڕ دروستدەکات، جیاواز نەبێت لە نەوە سیاسییەکانی تر ... شۆڕش ئەوە نییە هەمووان سادە قسەبکەن و دژی ڕژێمێکی سیاسی هوتاف بکێشن، شۆڕش ئەوەیە چەندەها زمانی جیاواز لەدایکبێت، هوشیاری لە کۆت و پێوەندەکانی خۆی دەرچێت، خەیاڵ و فەنتازیاکانی ئینسان بە ڕوونی قسەبکەن، خەونی ئەو نەوانەی کە بەڕێوەن پێبگەن بە ئاشکرا گوزارشت لە خۆیان بکەن. شۆڕشی ڕاستەقینە تەنیا ڕەخنە نییە لە کۆنزەرڤاتیزمی سیاسی، بەڵکوو ڕەخنەشە لە کۆنزەرڤاتیزمی ئەدەبی و فیکری و ئەخلاقی، لە کوشتنی زمان، لە سادەکردنەوەی تێڕوانین، لە نزمکردنەوەی هوشیاریی بۆ ئاستە هەرە سادە و بێتواناکانی خۆی ... جەوهەری شۆڕش تەنیا ڕەخنەگرتن نییە لەو دەسەڵاتەی کە هەیە، بەڵکو گەورەکردنی مانای ئازادییە. ئازادیش دەبێتە وشەیەکی بێمانا، دروشمێکی بۆش، وشەیەکی بێناوەرۆک گەر لە سیفەتە دەستەجەمعییەکانی نەترازێت و سیفەتێکی سۆبێکتیڤی و تاکگەرا وەرنەگرێت.

"بەختیار عەلی"
بەشێک لە وتاری " شۆڕش و زمان"
لە کتێبی "دەستەسڕەکەی ئۆتێلۆ"
🍁🍃🌷🌼🌸💐🌾🌺🌻🌹🎋
🆔 @baxtyar_ali
مرۆڤ به درێژایی مێژوو باوەڕی به جوانی و هەقانییەتی خۆی هەبووه، مێژووی مرۆڤ هیچ نییه جگه له مێژووی باوەڕهێنان به جوانی خۆی، دین چییه جگە لە هەوڵی هەمیشەیی مرۆڤ تا به برای مرۆڤی بڵێت من له دینەکانیتر له خودا نزیکترم، من له تۆ جوانترم چونکه من خودا له تۆ زیاتر ڕاستی پێبەخشیوم. مێژووی دین بە سەریەکەوە، به هەموو خودا جیاواز و باوەڕە جیاوازەکانییەوە، هەوڵی بەردەوامی مرۆڤە بۆ خۆ جوانکردن، خۆ جیاکردنەوە، خۆ بە باشتر زانین. هەمیشە دینێکی تری دروستکردوه تا باوەڕی به خۆی و جیاواز خۆی و هەقانییەتی خۆی زیاتر بێت، هەمیشە خودایەکی تری گەورەتر و بەهێزتر و نادیارتری له خودای ئەوانی تر دروستکردوه تا باوەڕی به هێزی نادیاری خۆی گەورەتر بێت، وەهمی ئەوەی هەمیشە لە سەر هەقین، وەهمی ئەوەی هەمیشه خودا لەگەڵ ئێمەیە، وەهمی ئەوەی که ئێمە جوانترینین و ڕاسترینین هیچکات له ئێمە جیانەبۆتەوە.

"بەختیار عەلی"
له ڕۆمانی " کەشتیی فریشتەکان ١ "
🍁🍃🌷🌼🌸💐🌾🌺🌻🌹🎋
🆔 @baxtyar_ali
مرۆڤ لە تەنهاییدا هەست بە پچڕانی پەیوەندی بەوانی دییەوە دەکات، ئاوڕ لە خۆی و ژیانی خۆی دەداتەوە و مرۆڤێکی نزیک لەخۆیەوە نابینێت، سەیردەکات و کەس لە ئاسۆکانی ژیانیدا دیار نییە. بەڵام هەستی چۆڵی شتێکی ترە، پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە کەسەکانەوە نییە، بەڵکو جۆرە هەستێکی ترسناکە بە وشکبوونەوەی ناوەوە و خاڵیبوونەوەی ناو ناخ، وەک ئەوەیە لە ناکاو ڕۆحت وەک بیابانێکی گەورە و بێسنووری لێهاتبێت، ڕەنگە چواردەورت هەمووی مرۆڤ بن، بەڵام پێکڕا جێگایەک نەگرن و بەتاڵییەک پڕنەکەنەوە. چۆڵی بریتییە لە هەستی ئەوەی هیچ شتێک لە ژیاندا ئەو بۆشاییە قووڵەی دەرونت داناخات، ئەو چاڵە گەورەیەی کە لێی دەڕوانیت و تا ناکۆتا قووڵ دەبێتەوە و بنی نییە. ژیانت وای لێدێت، وەک ئەوەی عومرت تابلۆیەک بێت کە تۆ نیگارەکان دەکێشیت و لە ناکاو دەستێکی نهێنی دێت و دەیانسڕێتەوە. تۆ هەر وێنە دروستدەکەیت و لەگەڵ ڕووبەرە بەتاڵەکاندا دەجەنگیت، کەچی بەردەوام سەر تابلۆکەت بێڕەنگ و ڕووی جانفازەکەت سپییە. بەردەوام شتێک دەکەیت بۆ ئەوەی بۆ خۆتی بسەلمێنیت کە تۆ لە چۆڵەوانیدا نیت، ژیانت پڕ دەکەیت لە خەڵک، لە ڕووداو، لە جەنگ، لە قێز، لە سێکس، لە هەر شتێک بە نیاز و بە ڕێکەوت بەخەیاڵتدا تێپەڕێت، کەچی هەمیشە ئەو بیابانە گەورەیە لەوێیە و لە نێو ناچێت... من سەدان شەو لە ناکاو هەستاوم بچمەدەرێ، هێندەی قاچم خستۆتە سەر فەرشی ژوورەکەم، ئەو هەستە ترسناکەم هەبووە گەر هەنگاوی دووەم قاچم بنێمە سەر زەوی، ڕۆدەچم و بەردەبمەوە... دەزانن ئەوە چ ترسێکی گەورەیە، هەستیت و بترسیت لەوەی هەنگاوی داهاتووت بەربوونەوەیە. هەستکردن بە چۆڵی، تەنیا هەستکردن نییە بە بۆشبوونێکی ناوەکی، بە پوچی، بە بێهودەیی و بێهیوایی ئاسایی، بەڵکو هەستکردنە بەوەی هیچ شتێک لێرە نییە، مانگ لێرە نییە، خۆر لێرە نییە... هیچ شتێک... هیچ شتێک... چۆڵی ئەوەیە هەموو شتێک قورسایی خۆی لەدەستدەدات، هەموو شتێک دەبێت بە وێنەیەکی کاڵ کە لە پشتییەوە جگە لە بۆشی و بێمانایی و درۆ هیچی تر بوونی نییە.
من چەندەها جار لە بەهاردا، لە ناوەڕاستی ئەو وەرزە جوانەدا وەستاوم و هەستم نەکردوە لە ناوەڕاستی سروشتدام، بەڵکو ئەو هەستەم هەبووە کە لە ناو وێنەی تەماوی و خۆنەگری جێگایەکی چۆڵدام کە هونەرمەندێکی درۆزن دروستیکردوە، هەستمکردوە لە خەودام و ئەمە دیوە فریودەر و تێپەڕ و پڕفێڵەکەیەتی ... ئیدی هەموو شوێنەکان دەبن بە وێنەی درۆزنی خودایەک یان هونەرمەندێک یان دەستێکی گەردونی نادیار کە بە خۆشییەکی گەورەوە فریومان دەدات. لەو ساتانەدا، تەواوی وجود وەک فاقەیەکی گەورەی لێدێت کە تەقیوە بە دڵماندا.

"بەختیار عەلی"
لە ڕۆمانی " كەشتی فریشتەكان ٢ "
🍁🍃🌷🌼🌸💐🌾🌺🌻🌹🎋
🆔 @baxtyar_ali
کێشەی ئازادیی بەرلەوەی کێشەیەکی سیاسی یان ئەخلاقی بێت، کێشەیەکی فەلسەفییە. هەر کۆمەڵگایەک پرسیاری فەلسەفی گەورە لە خۆی نەکات ناتوانێت پرسیاری سیاسی گەورەش لە خۆی بکات. لێرەوە لاوازی سیاسەت لە دونیای ئێمەدا ڕیشە قووڵەکەی لە لاوازی بیرکردنەوەی فەلسەفیماندایە. لە هەر جێگایەک بیرکردنەوەی فەلسەفی نەبوو، ئەستەمە قسە لە ئازادی بکەین... چونکە ئازادی تێڕامانێکی فەلسەفی مرۆڤە لە بوونی خۆی و تێڕامانێکی فەلسەفی کۆمەڵگایە لە مانای خۆی. بۆیە هەموو دابڕانێکی قووڵ لە فەلسەفە دابڕانێکی قووڵیشە لە ئازادی.

"بەختیار عەلی"
بەشێک لە وتاری "ئازادی تۆ"
لە کتێبی "لە دەستدانی ئاسمان"
🍁🍃🌷🌼🌸💐🌾🌺🌻🌹🎋
🆔 @baxtyar_ali
ئەوەی وادەکات گەمژەیی وەھا سەرسەخت بێت توانای خۆموتوربەکردنێتی لە مەعریفەت، ھیچ شێوازێکی جەھل یان گەمژەیی نییە دان بە جەھلی خۆیدا بنێت، بەڵکو تەواو بە پێچەوانەوە جەھل زۆرجار لە بەرگی پیاوێکی زیرەک و دەمگەرم و بەزماندا دەردەکەوێت. ئەوەی جەھل و گەمژەیی لە مەعریفەت و ڕۆشنبیری جیادەکاتەوە، تەنیا بڕی زۆر و کەمی مەعریفەت نییە، بەڵکو تێگەیشتنە لە وەزیفەی مەعریفەت و چۆنێتی بەکارھێنان و بەگەڕخستنی. جەھل یان گەمژەیی پەتی لە دونیادا بوونیان نییە، بە پێچەوانەوە جەھل ھەمیشە بە بڕێک لە مەعریفەت خۆی دادەپۆشێت. بەڵام جیاوازییەکە لەوەدایە جەھل بەو بڕە کەمە لە مەعریفەت دادەسەکنێ و دەبێتە دوژمنی ھەر شتێک و ھەر کەسێک کە گەورەیی و گۆڕان و بێسنووری زانستی بیربخاتەوە. جگە لەوە جەھل و گەمژەیی توانایەکی سیحراویان بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ڕۆحی سەردەمدا تێدایە. نوسەری نەمساويی ئێرنست فێرستل لە کتێبی «زەمانی ئەمڕۆماندا» کە ساڵی ١٩٩٨ چاپیکردوە، ڕستەیەکی سەرنجڕاکێشی ھەیە دەڵێت «گەمژەیی شتێکە ھەرگیز مۆدەی بەسەر ناچێت، چونکە سەردەم بەردەوام بەرگی نوێی دەکاتەبەر». واتە جەھل شتێک نییە کۆتایی ھەبێت، گەمژەیی ئەزەلییە و تا کۆتاییش دەمێنێتەوە، ھێند ھەیە سروشت و شێوە و شوناس و بڕی دەسەڵاتی دەگۆڕێت. واتە جیاوازییەکە لەوەدایە لە ھەندێک شوێندا دەبێتە فەرمانڕەوای موتڵەق و لە ھەندێ شوێنی تریشدا دەسەڵاتی لەگەڵدا بەشدەکرێت، بەڵام لەناوبردنی گەمژەیی ھیچ نییە جگە لە یۆتۆپیا. بڕێکی ئەم ھێزە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، گەمژەیی زۆر بە ئاسانی دەتوانێت لە پشت پلەوپایەی زانستی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە خۆی بشارێتەوە، گەمژەکان ھەمیشە لە پشت ئەو دروشم و ھوتافانەوە خۆیان دەشارنەوە کە ھەستی سادەی خەڵک دەوروژێنێت، لێرەوە نزیکایەتییەکی زۆر و خزمایەتییەکی بەرچاویان لەگەڵ سیاسەتە باو و باڵادەستەکاندا ھەیە. بە مانایەکی ڕۆشنتر، گەمژەیی ھێزێکی گەورەی ھەیە تا بتوانێت سیاسەت و ئەخلاقی کۆمەڵایەتی و مۆراڵ و پلەوپایەی ئەکادیمی وەک دەمامک بۆ خۆی بەکاربھێنرێت. گەمژەیی ھیچ وەخت وەک گەمژەیی پەتی دەرناکەوێت، بەڵکو وەک سیاسەت، وەک سیستمی ڕێکخستن، وەک یاسای بەڕێوەبردن، وەک حوکمی ئەکادیمی و حوکمی ئەخلاقی و دابونەرێتی کولتووری دەردەکەوێت. ھەمیشە یان لە پشت دروشمێکی سیاسی زەقەوە یاخود تایتڵێکی ئەکادیمی قەبەوە یان بە ناوی بەرگریکردن لە کۆمەڵێک بەھا و نرخی ئەخلاقی و دینییەوە دێتەپێشێ. بەڵام لەبەرئەوەی گەمژەیی توانای ئەوەی نییە ئاسان سەرنج بۆ خۆی ڕابکێشێت و کاریزمایەکی ڕاستەقینەی نییە، بەردەوام پێویستی بە ھەرا نانەوەو پەلاماردان و غەڵبەغەڵب دروستکردنە، بەردەوام پێویستی بەوەیە ھەموو شەڕەکان لە کایەکانی مەعریفەت دووربخاتەوە، بەردەوام وەزیفەی ئەوەیە دیالۆگی عەقڵانی بکوژێت. وەک شکسپیر لە شانۆگەری ھێنری چوارەمدا دەڵێت «سەری بۆش، دەنگی زرینگە لە نێویدا بەرزە». گەمژەکان ھەمیشە دەنگ بەرزن و لە ژاوەژاو دروستکردندا وەستای بێوێنەن. دەمەوێت بڵێم، کە خوێندن یان سیاسەت یان ئەکادیمیا یان فێربوونی زانستێک ناتوانن لە گەمژەیی بمانپارێزن، بەڵکو ئەمانە زۆرجار ھاندەری گەمژەیین و جورئەتبەخشی گەمژەیشن. ستراتیژی گەمژەیی ئەوەیە ھەموو بابەتەکان لە تێڕامانی عەقڵی و مامەڵەی ستاتیکی بەدووربگرێت.

"بەختیار عەلی"
لە کتێبی "دوا خەندەی دیکتاتۆر"
🍁🍃🌷🌼🌸💐🌾🌺🌻🌹🎋
🆔 @baxtyar_ali
هەر یەکێک لە ئێمە دوو جەستەمان هەیە، جەستەیەک دەیبینین و جەستەیەک نایبینین، دڵێک کە لێدەدات و خوێن دەهێنێت و خوێن دەبات، ترومپایەکی گەورە و بەهێز و ماندوونەناس، بەڵام دڵێکی تریش کە نایبینین، دڵێک پەیوەندییەکی بەم ئامێرە و فەرمانە فەسلەجییانەوە نییە، دڵێک پێی دەگرین، پێی غەمگین دەبین، پێی عاشق دەبین، پێی دەترسین. سەرێک کە دەیبینین، سەرێک کە فەرمان بە دەست و چاو و گەدە و کۆم و ئەندامی زاووزێمان دەدات، بەڵام سەرێکی تریش، سەرێک کە بیردەکاتەوە، ئەو شتانە دەبینێت کە چاو نایبینێت، ئەو تامانە دەکات کە زمان نایانکات، ئەو دەنگانە دەبیستێت کە گوێ نایانبیستێت، ئەو جیهانانە دەگەڕێت کە قاچەکانمان نایانگەنێ، دوو دەست، دەستێک ئەو شتانە دەگرێت کە دەیانبینین، دەستێکیش ئەو شتانە دەگرێت کە نایانبینین، دوو قاچ یەکێکیان بەو سەرزەمینانەدا دەڕوات کە دەیانناسین، بە ڕێگای ماڵ و شەقام و قەیسەریی شارەکاندا سەفەردەکات، قاچێکیش کە دەچێتە ئەو شوێنانەی کە نایانگەینێ، ئەو وڵات و جێگایانەی کە جارێک بۆ ئێمە لەدایک دەبن و لەگەڵ ئێمەدا دەمرن، ئەو شوێنانەی جارێک لە خەیاڵی ئێمە دروستدەبن و کە وردیاندەبینەوە وندەبن...
هەر شتێک وەک ئاژەڵ هەمانە پەیوەندیی بە جەستەی یەکەمەوە هەیە، پەیوەندیی بەم مەکینانە و وەزیفەکانییەوە هەیە، هەر شتێکیش وەک مرۆڤ هەمانە پەیوەندیی بە جەستە نەبینراوەکەمانەوە هەیە، بەو جەستە ڕاستەقینەیەوە کە لە ئەناتۆمیدا دەرناکەوێت، بە نەشتەر ناتوانین دوو توێی بکەین. ئەم جەستەیەی یەکەم باڵی نییە، هەمیشە لێرەیە، قاوغێکە هەموومان وەک یەکین لە ناویدا، بەڵام جەستەی دووەم، باڵێکی نادیاری هەیە، باڵێک هەندێک جار لە پشتی هەندێک مرۆڤەوە دەردەکەوێت، کاتێک دەیەوێت بڕوات، بفڕێت، جیاببێتەوە. ئینسان ئەو سەرلێشێوانە گەورەیەیە کە لە نێوان ئەم دوو جەستەیەدا دروستدەبێت. ئێمە تەنیا پزیشکی جەستەی یەکەمین، بەڵام جەستەی دووەم هەموو کەس ناتوانێت پزیشکی بێت...

"بەختیار عەلی"
له ڕۆمانی " کەشتیی فریشتەکان ٣ "
🍁🍃🌷🌼🌸💐🌾🌺🌻🌹🎋
🆔 @baxtyar_ali
تەنها کەسانێک کە دەبێت تۆبە بکەن، ئەوانەن کە خودا بۆ ئەزیەتکردن و نەفرەت لێکردنی مرۆڤەکانی دی بەکار دەهێنن، بە بێ جیهانێک ناژین مرۆڤەکانی دیکەیان تیادا نەکردبێتە کافر... هەموو شتێکیش دەکەن بۆ ئەوەی ئەو دونیایە بخوڵقێنن و خودا بۆ سوکایەتیکردن و زەلیلکردنی کەسانی دیکە بەکار بهێنن، خودا بە جۆرێک تەفسیر دەکەن تا بیکەنە دوژمنی مرۆڤ... تەنها بێبڕوا ئەوانەن کە پاکێتییەکی درۆ بە خۆیان دەبەخشن و پیسێتییەک دەبەخشنە ئەوانی دیکە، ئەوانەن کە ناتوانن خودا لەودیو ئەو پاکی و پیسییە وەهمییەوە ببینن کە هەر خۆیان دایان تاشیوە.

"بەختیارعەلی"
له ڕۆمانی " ئێوارەی پەروانە"
🖤🖤🖤🖤🖤🖤🖤
🆔 @baxtyar_ali
مەرجی یەکەم بۆ ئازادی من ئەوەیە کە ئازادی بێت لەگەڵ تۆدا. لێرەوە ئازادی فەردیی، ئازادی تاک و تەنها، ئازادی کەسێکی گۆشەگیر و بێپەیوەندی بوونی نییە... بە پێچەوانەوە ئازادی من، بەر لەوەی دەست بە ئەزموون و خۆتاقیکردنەوە بکات، بەر لەوەی ئەگەرەکانی ناو خۆی بخاتە گەڕ، لەسەر دانپیانان بە ئازادیی ئەویدی دروستبووە. واتە مەرجی هەرە سەرەکی پراکتیزەکردنی ئازادی، گرێدراوی پەیوەندی «من و تۆ»یە یان وەک یاسبەرز دەڵێت «ئێمە تەنیا بەو ئەندازەیە دەبینە خۆمان، کە ئەویدی دەبێت بە خۆی».
کردنەوەی دەرگا لەبەردەم ئەویدیدا کە خۆی بێت تاکە ڕێگایە بۆ من کە خۆم بم، وەک چۆن تاکە ڕێگایەک بۆ ئەو کە خۆی بێت، ئەوەیە زەمینەسازی بۆ من بکات تا خۆم بم.

"بەختیار عەلی"
بەشێک لە وتاری "ئازادی تۆ"
لە کتێبی " لە دەستدانی ئاسمان"
🍁🍃🌷🌼🌸💐🌾🌺🌻🌹🎋
🆔 @baxtyar_ali
ترسناكترین شتێك بۆ ئازادی یان دیموكراسی یان یەكسانی یان عەدالەت ئەوەیە وا بكەوێتەوە كە موڵكی ھێزێك و بەرەیەكە و بە تەنیا ئەوان دەتوانن ماناكەی دیاریبكەن.

"بەختیار عەلی"
لە كتێبی "سێوی سێھەم"
🍁🍃🌷🌼🌸💐🌾🌺🌻🌹🎋
🆔 @baxtyar_ali
مرۆڤی ئاسایی کەسێکە حەقیقەت لە ناویدا ناوێرێت سەیری خەیاڵ بکات، حەقیقەت ئاسان دەتوانێت خەیاڵ بکوژێت، مرۆڤی خەیاڵیش مرۆڤێکە ناوێرێت زۆر توخنی ڕاستی بکەوێت، دونیای ڕاستەقینە وەک وێستگەیەکی شەمەندەفەر تەماشادەکات کە لێوەی بەرەو خەیاڵ دەڕوات، بەرابەر دونیا بێباک و کەمتەرخەم دەردەکەوێت. بەڵام مرۆڤی تەواو هەردووکیانە، هەردوو بوونەوەرەکەیە، هەردوو مەخلووقەکەیە کە بەرابەری یەک دادەنیشن و چاودەبڕنە یەک و قسە دەکەن. خۆشەویستیش لای مرۆڤی تەواو ئەوەیە کە مەحبووبە بوونەوەرێکی ڕاستەقینە بێت و بتوانێت وەرگەڕێت و ببێتە بوونەوەرێکی نەگیراو و خەیاڵی، هەروەها بوونەوەرێکی خەیاڵی بێت و بشێت و بتوانێت ببێتە حەقیقەت. مەعشووقە لای مرۆڤی تەواو کەسێکە کە مرۆڤ نازانێت ڕاستییە یان خەیاڵ، بوونی هەیە یاخود وەهمە، لێرەیە و دەیبینین یاخود تەنیا لە خەوندایە. لێرەوە ژیانی مرۆڤی تەواو و عەشقی مرۆڤی تەواو، ژیان و عەشقێکی ئەستەمە.

"بەختیار عەلی"
لە ڕۆمانی "غەزەلنوس و باغەکانی خەیاڵ"
🍁🍃🌷🌼🌸💐🌾🌺🌻🌹🎋
🆔 @baxtyar_ali
هه‌ره‌سی‌ «خودئه‌ڤینی‌» له‌ كولتووری‌ ئێمه‌دا

له‌یادچوونه‌وه‌ی‌ خود له‌ كولتووری‌ خۆرهه‌ڵاتیدا، مرۆڤه‌كانی‌ به‌ره‌و كۆمه‌ڵێك ده‌ره‌نجامی‌ ترسناك بردووه‌، ئه‌و ده‌ره‌ئه‌نجامانه‌ ده‌بێت پێكڕا له‌ یه‌ك نه‌زمدا ته‌ماشابكرێن، هه‌موو ئه‌م ده‌ره‌نجامانه‌ لێكدابڕاونین و به‌رهه‌می‌ كوشتنی‌ ئه‌و نه‌رسیسه‌ بچوك ‌و سه‌ره‌تاییه‌ی‌ ناومانن، كه‌ به‌رده‌وام و به‌ درێژایی‌ ژیان ده‌بێت بكوژرێته‌وه‌. گه‌وره‌ترین مه‌ترسیی‌ ئه‌م كوشتنه‌ ئه‌وه‌یه‌، مرۆڤ ئیدی‌ ده‌بێت له‌ مێژوو و دین و سیاسه‌تدا بۆ مانای‌ بوونی‌ خۆی‌ بگه‌ڕێت. مرۆڤ چیتر هیچ ڕێگایه‌كی‌ له‌ به‌رده‌مدا نییه‌، خۆی‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ شوناسه‌ ده‌سته‌جه‌معییه‌كان و ڕه‌زامه‌ندی‌ ئه‌وان دروستبكات. گه‌وره‌بوونی‌ نرخی‌ دین، نرخی‌ عه‌شقی‌ خودایی‌ لای‌ سۆفییه‌كان، نرخی‌ سروشت «لای‌ گۆران»، نرخی‌ سیاسه‌ت «لای‌ نوسه‌ران و شاعیرانی‌ به‌رگری‌»، نرخی‌ نه‌ته‌وه‌ «لای‌ ناسیونالیسته‌كان»، نرخی‌ ئایدۆلۆژیا «لای‌ ماركسیسته‌كان»... هتد. هه‌موو نیشانه‌ی‌ زه‌قی‌ ئه‌وه‌ن كه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌ی‌ ئێمه‌دا و له‌م كولتووره‌دا كه‌ حوكممان ده‌كات، مرۆڤ به‌رده‌وام له‌ جێگایه‌كی‌ تردا له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ خۆی‌، به‌دوای‌ خۆبینینه‌وه‌ و خۆناسیندا ده‌گه‌ڕێت. سیستم لێره‌دا ڕێكیی‌ خۆی‌ له‌سه‌ر ئه‌و یاسایه‌ ڕاگرتووه‌، كه‌ هه‌موو فه‌ردێك ده‌بێت مه‌رجه‌عێكی‌ هه‌بێت، مرۆڤی‌ سه‌ربه‌خۆ، مرۆڤێك كه‌ دان به‌ مه‌رجه‌عه‌ گه‌وره‌كاندا نه‌نێت، یان نه‌خۆشه‌ یان شێت.
سیستمی‌ خۆرهه‌ڵاتیی‌ ئێمه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بیربردنه‌وه‌یه‌ دامه‌زراوه‌، تاكه‌ ڕێگایه‌ك بۆ شكاندنی‌ ئه‌م سیستمه‌، زیادكردن و گه‌وره‌كردنی‌ ڕووبه‌ره‌كانی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ و خودئه‌ڤینییه‌. ئه‌م خودگه‌راییه‌ ته‌واو جیاوازه‌ له‌و فه‌ردانییه‌ته‌ درۆزنه‌ی‌ كه‌ لیبراڵه‌ كورتبین و خه‌یاڵ بچوكه‌كانی‌ ئێمه‌ بانگه‌شه‌ی‌ بۆ ده‌كه‌ن، كه‌ فه‌ردانییه‌ت لایان له‌ مافی‌ سیاسیی‌ هاوڵاتیدا كورتبۆته‌وه‌ و فه‌ردیان كردۆته‌ كۆیله‌ی‌ به‌رنامه‌یه‌كی‌ دیاریكراو. فه‌ردانییه‌تی‌ ڕاسته‌قینه‌ له‌ پشت فه‌ردانییه‌تی‌ لیبڕاڵه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات، كه‌ مرۆڤی‌ ئازادی‌ ته‌نیا وه‌ك ده‌نگده‌رێك بۆ ڕۆژی‌ هه‌ڵبژاردن ده‌وێت.

"به‌ختیار عه‌لی‌"
له‌ كتێبی‌ "جوانییه‌كانی‌ ناڕێكی‌"
🍁🍃🌷🌼🌸💐🌾🌺🌻🌹🎋
🆔 @baxtyar_ali
مرۆڤ لە هەموو ژیانیدا تەنیا چاوەڕوانی دوو شت دەکات، مردن و خۆشەویستی . هەر دووکیشیان دێن. هیچ ئینسانێک نییە مەحروم بێت لە خۆشەویستی؛ بەڵام مرۆڤ گەمژەیە، نایبینێت. من کەسم نەدیوە تا ئێستا خۆشەویستی گرتبێت و بەری نەدابێت. من خۆم تەنیا بەدبەختیم گرتووە و بەرم نەداوە، پارەم گرتووە و بەرم نەداوە، دەسەڵاتم گرتووە و بەرم نەداوە؛ بەڵام هەر کاتێک خۆشەویستی بەرەو پیرم هاتبێت یان نەمدیوە یان گرتوومە و پاش تۆزێک بەرمداوە، غرور وای لێکردووم بڵێم خۆشەویستیم بۆ چییە ... مردن شتێکە مرۆڤ زۆر چاوەڕوانیدەکات کەچی کە دێت نایبینێت.


"بەختیار عەلی"
لە ڕۆمانی "کەشتیی فریشتەکان ٣"
🍁🍃🌷🌼🌸💐🌾🌺🌻🌹🎋
@baxtyar_ali
به‌ كورتی‌ به‌بێ‌ ته‌ڵاقدانی‌ سیاسه‌ت، له‌ فۆرمه‌ كۆنه‌كانیدا تازه‌گه‌ر له‌دایكنابێت. هه‌موو ئه‌وانه‌ی‌ واقیعی‌ سیاسیان پێ‌ قبووڵه‌ و پێیانوایه‌ ئه‌و نوخبه‌ سیاسییه‌ی‌ ئه‌مڕۆ ده‌توانێت بچوكترین گۆڕان دروستبكات، ڕوكاره‌ كۆنخواز و مردووه‌كانی‌ ناو سیاسه‌تی‌ ئه‌مڕۆ نابینن، ناتوانن هه‌ڵگری‌ سه‌ره‌تاكانی‌ ئه‌و گومانه‌ بن كه‌ تازه‌كردنه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و فیكری‌ پێویستی‌ پێیه‌تی‌. ئه‌مه‌ به‌ڕای‌ من قانونی‌ زێڕینی‌ تازه‌گه‌ری‌ ئه‌مڕۆیه‌.
چونكه‌ به‌بێ‌ ڕه‌خنه‌گرتن له‌ سیاسه‌ت و ده‌رچوون لێی‌، به‌بێ‌ دروستكردنی‌ چاوێكی‌ تر له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ مه‌نتیقی‌ سیاسییه‌كان، وه‌همه‌كانیان، هیوا درۆزنه‌كانیان، خوتبه‌ بۆشه‌كانیان، په‌یمانه‌ به‌تاڵه‌كانیان و سیحره‌ بوچبووه‌وه‌كانیان، ئه‌سته‌مه‌ پڕۆژه‌یه‌كی‌ تازه‌گه‌ر كه‌ له‌سه‌ر ڕه‌خنه‌ له‌ موقه‌ده‌سات به‌نده‌ ده‌ستبكه‌یته‌ كاركردن. دیاره‌ ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ كه‌ باس له‌ نه‌مانی‌ سیاسه‌ت یان وازهێنان له‌ سیاسه‌ت، یان قسه‌ له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ بێ‌ سیاسه‌ت بكه‌ین، ئه‌مه‌ منداڵانه‌ترین ته‌فسیره‌ بدرێت به‌و قسانه‌، به‌ڵكو لێره‌دا باس له‌ مردنی‌ سیاسه‌تێك ده‌كه‌ین پێیوایه‌ ده‌بێت ئه‌و واجبات بۆ كایه‌ زانستییه‌كانی‌ تر دیاریبكات، ڕۆژنامه‌نوسه‌ نه‌خوێنده‌واره‌كانی‌ هه‌ڵسه‌نگێنه‌ری‌ ئه‌ده‌ب و مۆراڵ و نیشتیمانپه‌روه‌ری‌ خه‌ڵك بن، به‌رپرسه‌ نه‌رجسییه‌كانی‌، مه‌رجه‌عی‌ فیكر بن.

"به‌ختیار عه‌لی‌"
له‌ كتێبی‌ "لە دیارەوە بۆ نادیار"
🍁🍃🌷🌼🌸💐🌾🌺🌻🌹🎋
🆔 @baxtyar_ali
2024/05/21 11:48:21
Back to Top
HTML Embed Code: