Telegram Web Link
کێشەی ئازادیی بەرلەوەی کێشەیەکی سیاسی یان ئەخلاقی بێت، کێشەیەکی فەلسەفییە. هەر کۆمەڵگایەک پرسیاری فەلسەفی گەورە لە خۆی نەکات ناتوانێت پرسیاری سیاسی گەورەش لە خۆی بکات. لێرەوە لاوازی سیاسەت لە دونیای ئێمەدا ڕیشە قووڵەکەی لە لاوازی بیرکردنەوەی فەلسەفیماندایە. لە هەر جێگایەک بیرکردنەوەی فەلسەفی نەبوو، ئەستەمە قسە لە ئازادی بکەین... چونکە ئازادی تێڕامانێکی فەلسەفی مرۆڤە لە بوونی خۆی و تێڕامانێکی فەلسەفی کۆمەڵگایە لە مانای خۆی. بۆیە هەموو دابڕانێکی قووڵ لە فەلسەفە دابڕانێکی قووڵیشە لە ئازادی.

"بەختیار عەلی"
بەشێک لە وتاری "ئازادی تۆ"
لە کتێبی "لە دەستدانی ئاسمان"
🍁🍃🌷🌼🌸💐🌾🌺🌻🌹🎋
🆔 @baxtyar_ali
ئەوەی وادەکات گەمژەیی وەھا سەرسەخت بێت توانای خۆموتوربەکردنێتی لە مەعریفەت، ھیچ شێوازێکی جەھل یان گەمژەیی نییە دان بە جەھلی خۆیدا بنێت، بەڵکو تەواو بە پێچەوانەوە جەھل زۆرجار لە بەرگی پیاوێکی زیرەک و دەمگەرم و بەزماندا دەردەکەوێت. ئەوەی جەھل و گەمژەیی لە مەعریفەت و ڕۆشنبیری جیادەکاتەوە، تەنیا بڕی زۆر و کەمی مەعریفەت نییە، بەڵکو تێگەیشتنە لە وەزیفەی مەعریفەت و چۆنێتی بەکارھێنان و بەگەڕخستنی. جەھل یان گەمژەیی پەتی لە دونیادا بوونیان نییە، بە پێچەوانەوە جەھل ھەمیشە بە بڕێک لە مەعریفەت خۆی دادەپۆشێت. بەڵام جیاوازییەکە لەوەدایە جەھل بەو بڕە کەمە لە مەعریفەت دادەسەکنێ و دەبێتە دوژمنی ھەر شتێک و ھەر کەسێک کە گەورەیی و گۆڕان و بێسنووری زانستی بیربخاتەوە. جگە لەوە جەھل و گەمژەیی توانایەکی سیحراویان بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ڕۆحی سەردەمدا تێدایە. نوسەری نەمساويی ئێرنست فێرستل لە کتێبی «زەمانی ئەمڕۆماندا» کە ساڵی ١٩٩٨ چاپیکردوە، ڕستەیەکی سەرنجڕاکێشی ھەیە دەڵێت «گەمژەیی شتێکە ھەرگیز مۆدەی بەسەر ناچێت، چونکە سەردەم بەردەوام بەرگی نوێی دەکاتەبەر». واتە جەھل شتێک نییە کۆتایی ھەبێت، گەمژەیی ئەزەلییە و تا کۆتاییش دەمێنێتەوە، ھێند ھەیە سروشت و شێوە و شوناس و بڕی دەسەڵاتی دەگۆڕێت. واتە جیاوازییەکە لەوەدایە لە ھەندێک شوێندا دەبێتە فەرمانڕەوای موتڵەق و لە ھەندێ شوێنی تریشدا دەسەڵاتی لەگەڵدا بەشدەکرێت، بەڵام لەناوبردنی گەمژەیی ھیچ نییە جگە لە یۆتۆپیا. بڕێکی ئەم ھێزە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، گەمژەیی زۆر بە ئاسانی دەتوانێت لە پشت پلەوپایەی زانستی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە خۆی بشارێتەوە، گەمژەکان ھەمیشە لە پشت ئەو دروشم و ھوتافانەوە خۆیان دەشارنەوە کە ھەستی سادەی خەڵک دەوروژێنێت، لێرەوە نزیکایەتییەکی زۆر و خزمایەتییەکی بەرچاویان لەگەڵ سیاسەتە باو و باڵادەستەکاندا ھەیە. بە مانایەکی ڕۆشنتر، گەمژەیی ھێزێکی گەورەی ھەیە تا بتوانێت سیاسەت و ئەخلاقی کۆمەڵایەتی و مۆراڵ و پلەوپایەی ئەکادیمی وەک دەمامک بۆ خۆی بەکاربھێنرێت. گەمژەیی ھیچ وەخت وەک گەمژەیی پەتی دەرناکەوێت، بەڵکو وەک سیاسەت، وەک سیستمی ڕێکخستن، وەک یاسای بەڕێوەبردن، وەک حوکمی ئەکادیمی و حوکمی ئەخلاقی و دابونەرێتی کولتووری دەردەکەوێت. ھەمیشە یان لە پشت دروشمێکی سیاسی زەقەوە یاخود تایتڵێکی ئەکادیمی قەبەوە یان بە ناوی بەرگریکردن لە کۆمەڵێک بەھا و نرخی ئەخلاقی و دینییەوە دێتەپێشێ. بەڵام لەبەرئەوەی گەمژەیی توانای ئەوەی نییە ئاسان سەرنج بۆ خۆی ڕابکێشێت و کاریزمایەکی ڕاستەقینەی نییە، بەردەوام پێویستی بە ھەرا نانەوەو پەلاماردان و غەڵبەغەڵب دروستکردنە، بەردەوام پێویستی بەوەیە ھەموو شەڕەکان لە کایەکانی مەعریفەت دووربخاتەوە، بەردەوام وەزیفەی ئەوەیە دیالۆگی عەقڵانی بکوژێت. وەک شکسپیر لە شانۆگەری ھێنری چوارەمدا دەڵێت «سەری بۆش، دەنگی زرینگە لە نێویدا بەرزە». گەمژەکان ھەمیشە دەنگ بەرزن و لە ژاوەژاو دروستکردندا وەستای بێوێنەن. دەمەوێت بڵێم، کە خوێندن یان سیاسەت یان ئەکادیمیا یان فێربوونی زانستێک ناتوانن لە گەمژەیی بمانپارێزن، بەڵکو ئەمانە زۆرجار ھاندەری گەمژەیین و جورئەتبەخشی گەمژەیشن. ستراتیژی گەمژەیی ئەوەیە ھەموو بابەتەکان لە تێڕامانی عەقڵی و مامەڵەی ستاتیکی بەدووربگرێت.

"بەختیار عەلی"
لە کتێبی "دوا خەندەی دیکتاتۆر"
🍁🍃🌷🌼🌸💐🌾🌺🌻🌹🎋
🆔 @baxtyar_ali
هەر یەکێک لە ئێمە دوو جەستەمان هەیە، جەستەیەک دەیبینین و جەستەیەک نایبینین، دڵێک کە لێدەدات و خوێن دەهێنێت و خوێن دەبات، ترومپایەکی گەورە و بەهێز و ماندوونەناس، بەڵام دڵێکی تریش کە نایبینین، دڵێک پەیوەندییەکی بەم ئامێرە و فەرمانە فەسلەجییانەوە نییە، دڵێک پێی دەگرین، پێی غەمگین دەبین، پێی عاشق دەبین، پێی دەترسین. سەرێک کە دەیبینین، سەرێک کە فەرمان بە دەست و چاو و گەدە و کۆم و ئەندامی زاووزێمان دەدات، بەڵام سەرێکی تریش، سەرێک کە بیردەکاتەوە، ئەو شتانە دەبینێت کە چاو نایبینێت، ئەو تامانە دەکات کە زمان نایانکات، ئەو دەنگانە دەبیستێت کە گوێ نایانبیستێت، ئەو جیهانانە دەگەڕێت کە قاچەکانمان نایانگەنێ، دوو دەست، دەستێک ئەو شتانە دەگرێت کە دەیانبینین، دەستێکیش ئەو شتانە دەگرێت کە نایانبینین، دوو قاچ یەکێکیان بەو سەرزەمینانەدا دەڕوات کە دەیانناسین، بە ڕێگای ماڵ و شەقام و قەیسەریی شارەکاندا سەفەردەکات، قاچێکیش کە دەچێتە ئەو شوێنانەی کە نایانگەینێ، ئەو وڵات و جێگایانەی کە جارێک بۆ ئێمە لەدایک دەبن و لەگەڵ ئێمەدا دەمرن، ئەو شوێنانەی جارێک لە خەیاڵی ئێمە دروستدەبن و کە وردیاندەبینەوە وندەبن...
هەر شتێک وەک ئاژەڵ هەمانە پەیوەندیی بە جەستەی یەکەمەوە هەیە، پەیوەندیی بەم مەکینانە و وەزیفەکانییەوە هەیە، هەر شتێکیش وەک مرۆڤ هەمانە پەیوەندیی بە جەستە نەبینراوەکەمانەوە هەیە، بەو جەستە ڕاستەقینەیەوە کە لە ئەناتۆمیدا دەرناکەوێت، بە نەشتەر ناتوانین دوو توێی بکەین. ئەم جەستەیەی یەکەم باڵی نییە، هەمیشە لێرەیە، قاوغێکە هەموومان وەک یەکین لە ناویدا، بەڵام جەستەی دووەم، باڵێکی نادیاری هەیە، باڵێک هەندێک جار لە پشتی هەندێک مرۆڤەوە دەردەکەوێت، کاتێک دەیەوێت بڕوات، بفڕێت، جیاببێتەوە. ئینسان ئەو سەرلێشێوانە گەورەیەیە کە لە نێوان ئەم دوو جەستەیەدا دروستدەبێت. ئێمە تەنیا پزیشکی جەستەی یەکەمین، بەڵام جەستەی دووەم هەموو کەس ناتوانێت پزیشکی بێت...

"بەختیار عەلی"
له ڕۆمانی " کەشتیی فریشتەکان ٣ "
🍁🍃🌷🌼🌸💐🌾🌺🌻🌹🎋
🆔 @baxtyar_ali
تەنها کەسانێک کە دەبێت تۆبە بکەن، ئەوانەن کە خودا بۆ ئەزیەتکردن و نەفرەت لێکردنی مرۆڤەکانی دی بەکار دەهێنن، بە بێ جیهانێک ناژین مرۆڤەکانی دیکەیان تیادا نەکردبێتە کافر... هەموو شتێکیش دەکەن بۆ ئەوەی ئەو دونیایە بخوڵقێنن و خودا بۆ سوکایەتیکردن و زەلیلکردنی کەسانی دیکە بەکار بهێنن، خودا بە جۆرێک تەفسیر دەکەن تا بیکەنە دوژمنی مرۆڤ... تەنها بێبڕوا ئەوانەن کە پاکێتییەکی درۆ بە خۆیان دەبەخشن و پیسێتییەک دەبەخشنە ئەوانی دیکە، ئەوانەن کە ناتوانن خودا لەودیو ئەو پاکی و پیسییە وەهمییەوە ببینن کە هەر خۆیان دایان تاشیوە.

"بەختیارعەلی"
له ڕۆمانی " ئێوارەی پەروانە"
🖤🖤🖤🖤🖤🖤🖤
🆔 @baxtyar_ali
مەرجی یەکەم بۆ ئازادی من ئەوەیە کە ئازادی بێت لەگەڵ تۆدا. لێرەوە ئازادی فەردیی، ئازادی تاک و تەنها، ئازادی کەسێکی گۆشەگیر و بێپەیوەندی بوونی نییە... بە پێچەوانەوە ئازادی من، بەر لەوەی دەست بە ئەزموون و خۆتاقیکردنەوە بکات، بەر لەوەی ئەگەرەکانی ناو خۆی بخاتە گەڕ، لەسەر دانپیانان بە ئازادیی ئەویدی دروستبووە. واتە مەرجی هەرە سەرەکی پراکتیزەکردنی ئازادی، گرێدراوی پەیوەندی «من و تۆ»یە یان وەک یاسبەرز دەڵێت «ئێمە تەنیا بەو ئەندازەیە دەبینە خۆمان، کە ئەویدی دەبێت بە خۆی».
کردنەوەی دەرگا لەبەردەم ئەویدیدا کە خۆی بێت تاکە ڕێگایە بۆ من کە خۆم بم، وەک چۆن تاکە ڕێگایەک بۆ ئەو کە خۆی بێت، ئەوەیە زەمینەسازی بۆ من بکات تا خۆم بم.

"بەختیار عەلی"
بەشێک لە وتاری "ئازادی تۆ"
لە کتێبی " لە دەستدانی ئاسمان"
🍁🍃🌷🌼🌸💐🌾🌺🌻🌹🎋
🆔 @baxtyar_ali
ترسناكترین شتێك بۆ ئازادی یان دیموكراسی یان یەكسانی یان عەدالەت ئەوەیە وا بكەوێتەوە كە موڵكی ھێزێك و بەرەیەكە و بە تەنیا ئەوان دەتوانن ماناكەی دیاریبكەن.

"بەختیار عەلی"
لە كتێبی "سێوی سێھەم"
🍁🍃🌷🌼🌸💐🌾🌺🌻🌹🎋
🆔 @baxtyar_ali
مرۆڤی ئاسایی کەسێکە حەقیقەت لە ناویدا ناوێرێت سەیری خەیاڵ بکات، حەقیقەت ئاسان دەتوانێت خەیاڵ بکوژێت، مرۆڤی خەیاڵیش مرۆڤێکە ناوێرێت زۆر توخنی ڕاستی بکەوێت، دونیای ڕاستەقینە وەک وێستگەیەکی شەمەندەفەر تەماشادەکات کە لێوەی بەرەو خەیاڵ دەڕوات، بەرابەر دونیا بێباک و کەمتەرخەم دەردەکەوێت. بەڵام مرۆڤی تەواو هەردووکیانە، هەردوو بوونەوەرەکەیە، هەردوو مەخلووقەکەیە کە بەرابەری یەک دادەنیشن و چاودەبڕنە یەک و قسە دەکەن. خۆشەویستیش لای مرۆڤی تەواو ئەوەیە کە مەحبووبە بوونەوەرێکی ڕاستەقینە بێت و بتوانێت وەرگەڕێت و ببێتە بوونەوەرێکی نەگیراو و خەیاڵی، هەروەها بوونەوەرێکی خەیاڵی بێت و بشێت و بتوانێت ببێتە حەقیقەت. مەعشووقە لای مرۆڤی تەواو کەسێکە کە مرۆڤ نازانێت ڕاستییە یان خەیاڵ، بوونی هەیە یاخود وەهمە، لێرەیە و دەیبینین یاخود تەنیا لە خەوندایە. لێرەوە ژیانی مرۆڤی تەواو و عەشقی مرۆڤی تەواو، ژیان و عەشقێکی ئەستەمە.

"بەختیار عەلی"
لە ڕۆمانی "غەزەلنوس و باغەکانی خەیاڵ"
🍁🍃🌷🌼🌸💐🌾🌺🌻🌹🎋
🆔 @baxtyar_ali
هه‌ره‌سی‌ «خودئه‌ڤینی‌» له‌ كولتووری‌ ئێمه‌دا

له‌یادچوونه‌وه‌ی‌ خود له‌ كولتووری‌ خۆرهه‌ڵاتیدا، مرۆڤه‌كانی‌ به‌ره‌و كۆمه‌ڵێك ده‌ره‌نجامی‌ ترسناك بردووه‌، ئه‌و ده‌ره‌ئه‌نجامانه‌ ده‌بێت پێكڕا له‌ یه‌ك نه‌زمدا ته‌ماشابكرێن، هه‌موو ئه‌م ده‌ره‌نجامانه‌ لێكدابڕاونین و به‌رهه‌می‌ كوشتنی‌ ئه‌و نه‌رسیسه‌ بچوك ‌و سه‌ره‌تاییه‌ی‌ ناومانن، كه‌ به‌رده‌وام و به‌ درێژایی‌ ژیان ده‌بێت بكوژرێته‌وه‌. گه‌وره‌ترین مه‌ترسیی‌ ئه‌م كوشتنه‌ ئه‌وه‌یه‌، مرۆڤ ئیدی‌ ده‌بێت له‌ مێژوو و دین و سیاسه‌تدا بۆ مانای‌ بوونی‌ خۆی‌ بگه‌ڕێت. مرۆڤ چیتر هیچ ڕێگایه‌كی‌ له‌ به‌رده‌مدا نییه‌، خۆی‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ شوناسه‌ ده‌سته‌جه‌معییه‌كان و ڕه‌زامه‌ندی‌ ئه‌وان دروستبكات. گه‌وره‌بوونی‌ نرخی‌ دین، نرخی‌ عه‌شقی‌ خودایی‌ لای‌ سۆفییه‌كان، نرخی‌ سروشت «لای‌ گۆران»، نرخی‌ سیاسه‌ت «لای‌ نوسه‌ران و شاعیرانی‌ به‌رگری‌»، نرخی‌ نه‌ته‌وه‌ «لای‌ ناسیونالیسته‌كان»، نرخی‌ ئایدۆلۆژیا «لای‌ ماركسیسته‌كان»... هتد. هه‌موو نیشانه‌ی‌ زه‌قی‌ ئه‌وه‌ن كه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌ی‌ ئێمه‌دا و له‌م كولتووره‌دا كه‌ حوكممان ده‌كات، مرۆڤ به‌رده‌وام له‌ جێگایه‌كی‌ تردا له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ خۆی‌، به‌دوای‌ خۆبینینه‌وه‌ و خۆناسیندا ده‌گه‌ڕێت. سیستم لێره‌دا ڕێكیی‌ خۆی‌ له‌سه‌ر ئه‌و یاسایه‌ ڕاگرتووه‌، كه‌ هه‌موو فه‌ردێك ده‌بێت مه‌رجه‌عێكی‌ هه‌بێت، مرۆڤی‌ سه‌ربه‌خۆ، مرۆڤێك كه‌ دان به‌ مه‌رجه‌عه‌ گه‌وره‌كاندا نه‌نێت، یان نه‌خۆشه‌ یان شێت.
سیستمی‌ خۆرهه‌ڵاتیی‌ ئێمه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بیربردنه‌وه‌یه‌ دامه‌زراوه‌، تاكه‌ ڕێگایه‌ك بۆ شكاندنی‌ ئه‌م سیستمه‌، زیادكردن و گه‌وره‌كردنی‌ ڕووبه‌ره‌كانی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ و خودئه‌ڤینییه‌. ئه‌م خودگه‌راییه‌ ته‌واو جیاوازه‌ له‌و فه‌ردانییه‌ته‌ درۆزنه‌ی‌ كه‌ لیبراڵه‌ كورتبین و خه‌یاڵ بچوكه‌كانی‌ ئێمه‌ بانگه‌شه‌ی‌ بۆ ده‌كه‌ن، كه‌ فه‌ردانییه‌ت لایان له‌ مافی‌ سیاسیی‌ هاوڵاتیدا كورتبۆته‌وه‌ و فه‌ردیان كردۆته‌ كۆیله‌ی‌ به‌رنامه‌یه‌كی‌ دیاریكراو. فه‌ردانییه‌تی‌ ڕاسته‌قینه‌ له‌ پشت فه‌ردانییه‌تی‌ لیبڕاڵه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات، كه‌ مرۆڤی‌ ئازادی‌ ته‌نیا وه‌ك ده‌نگده‌رێك بۆ ڕۆژی‌ هه‌ڵبژاردن ده‌وێت.

"به‌ختیار عه‌لی‌"
له‌ كتێبی‌ "جوانییه‌كانی‌ ناڕێكی‌"
🍁🍃🌷🌼🌸💐🌾🌺🌻🌹🎋
🆔 @baxtyar_ali
مرۆڤ لە هەموو ژیانیدا تەنیا چاوەڕوانی دوو شت دەکات، مردن و خۆشەویستی . هەر دووکیشیان دێن. هیچ ئینسانێک نییە مەحروم بێت لە خۆشەویستی؛ بەڵام مرۆڤ گەمژەیە، نایبینێت. من کەسم نەدیوە تا ئێستا خۆشەویستی گرتبێت و بەری نەدابێت. من خۆم تەنیا بەدبەختیم گرتووە و بەرم نەداوە، پارەم گرتووە و بەرم نەداوە، دەسەڵاتم گرتووە و بەرم نەداوە؛ بەڵام هەر کاتێک خۆشەویستی بەرەو پیرم هاتبێت یان نەمدیوە یان گرتوومە و پاش تۆزێک بەرمداوە، غرور وای لێکردووم بڵێم خۆشەویستیم بۆ چییە ... مردن شتێکە مرۆڤ زۆر چاوەڕوانیدەکات کەچی کە دێت نایبینێت.


"بەختیار عەلی"
لە ڕۆمانی "کەشتیی فریشتەکان ٣"
🍁🍃🌷🌼🌸💐🌾🌺🌻🌹🎋
@baxtyar_ali
به‌ كورتی‌ به‌بێ‌ ته‌ڵاقدانی‌ سیاسه‌ت، له‌ فۆرمه‌ كۆنه‌كانیدا تازه‌گه‌ر له‌دایكنابێت. هه‌موو ئه‌وانه‌ی‌ واقیعی‌ سیاسیان پێ‌ قبووڵه‌ و پێیانوایه‌ ئه‌و نوخبه‌ سیاسییه‌ی‌ ئه‌مڕۆ ده‌توانێت بچوكترین گۆڕان دروستبكات، ڕوكاره‌ كۆنخواز و مردووه‌كانی‌ ناو سیاسه‌تی‌ ئه‌مڕۆ نابینن، ناتوانن هه‌ڵگری‌ سه‌ره‌تاكانی‌ ئه‌و گومانه‌ بن كه‌ تازه‌كردنه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و فیكری‌ پێویستی‌ پێیه‌تی‌. ئه‌مه‌ به‌ڕای‌ من قانونی‌ زێڕینی‌ تازه‌گه‌ری‌ ئه‌مڕۆیه‌.
چونكه‌ به‌بێ‌ ڕه‌خنه‌گرتن له‌ سیاسه‌ت و ده‌رچوون لێی‌، به‌بێ‌ دروستكردنی‌ چاوێكی‌ تر له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ مه‌نتیقی‌ سیاسییه‌كان، وه‌همه‌كانیان، هیوا درۆزنه‌كانیان، خوتبه‌ بۆشه‌كانیان، په‌یمانه‌ به‌تاڵه‌كانیان و سیحره‌ بوچبووه‌وه‌كانیان، ئه‌سته‌مه‌ پڕۆژه‌یه‌كی‌ تازه‌گه‌ر كه‌ له‌سه‌ر ڕه‌خنه‌ له‌ موقه‌ده‌سات به‌نده‌ ده‌ستبكه‌یته‌ كاركردن. دیاره‌ ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ كه‌ باس له‌ نه‌مانی‌ سیاسه‌ت یان وازهێنان له‌ سیاسه‌ت، یان قسه‌ له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ بێ‌ سیاسه‌ت بكه‌ین، ئه‌مه‌ منداڵانه‌ترین ته‌فسیره‌ بدرێت به‌و قسانه‌، به‌ڵكو لێره‌دا باس له‌ مردنی‌ سیاسه‌تێك ده‌كه‌ین پێیوایه‌ ده‌بێت ئه‌و واجبات بۆ كایه‌ زانستییه‌كانی‌ تر دیاریبكات، ڕۆژنامه‌نوسه‌ نه‌خوێنده‌واره‌كانی‌ هه‌ڵسه‌نگێنه‌ری‌ ئه‌ده‌ب و مۆراڵ و نیشتیمانپه‌روه‌ری‌ خه‌ڵك بن، به‌رپرسه‌ نه‌رجسییه‌كانی‌، مه‌رجه‌عی‌ فیكر بن.

"به‌ختیار عه‌لی‌"
له‌ كتێبی‌ "لە دیارەوە بۆ نادیار"
🍁🍃🌷🌼🌸💐🌾🌺🌻🌹🎋
🆔 @baxtyar_ali
هەمیشە دوو مێژوو هەیە، مێژوویەکیان ئەوەیە لەسەر کاغەز دەنوسرێتەوە، ئەوە مێژوویەکە چاکدەکرێت، دەستکاریدەکرێت، درۆی تێدا دەکرێت، بەڵام مێژووەکەی تر ئەوەیە کە لە ڕۆحماندا دەنوسرێت... ئەوەیان دەستکاری ناکرێت، ڕەشە، سپییە، خۆڵەمێشییە... هەرچییەکە دەستکاری ناکرێت. ئەوەی کردوتە کردوتە. لە کۆتاییدا بەس تۆ و خودا دەمێننەوە پێکەوە قسەی دەربارە بکەن، بەس تۆ و خودا.

"بەختیار عەلی"
لە ڕۆمانی "کەشتیی فریشتەکان ١ "
🍁🍃🌷🌼🌸💐🌾🌺🌻🌹🎋
🆔 @baxtyar_ali
«بۆچوونی یەکێک لە کارەکتەرە فاشیستە تورکەکان لەسەر کورد و زمانەکەی».

بۆ ئەوەی دوژمنەكەت تێكبشكێنیت و سەری پانبكەیتەوە دەبێت لە پێشدا چەكەكەی لێ بدزیت، چەكی ئەم كوردانەش جگە لە زمانەكەیان ھیچی دی نییە. ئەمانە وەك عەرەب نین قورئانێكیان ھەبێت خەڵكی پێ فریوبدەن، وەك فارسەكان نین مەولانایەك و حافزێكیان ھەبێت خۆیانی پێوەبابدەن، وەك ئەرمەنەكان نین ھەموو نەسرانییەكانی دونیا لە پشتیانبێت، ھەیانە و نیانە تەنیا ئەم زمانەیان ھەیە، ھەر كات توانیت ئەم زمانەیان لێ بستێنیت، ئیتر وەك شێرە بەفرینە لەبەر خۆردا دەتوێنەوە.

"بەختیار عەلی"
لە ڕۆمانی "داگیركردنی تاریكی"

پیرۆز بێ #دووی_ڕەشەمە #21فێورییە #ڕۆژی_جیهانی_زمانی_دایکی لە هەموو پارێزەران و تێکۆشەرانی زمان و شۆناسی نەتەوایەتی
🍁🍃🌷🌼🌸💐🌾🌺🌻🌹🎋
🆔 @baxtyar_ali
من باوڕم بە هەڵبژاردن نیە لە خۆرهەڵاتدا، هەڵبژاردن تەنها بەشێکی سیستەمی دیموکراسییە، وە هیچ وەختێک هەڵبژاردن دەلیل نیە لەسەر بوونی دیموکراسی، هەڵبژاردن لە خۆرهەڵاتدا، بەردەوام دیکتاتۆرەکان بەهێزتر دەکاتەوە، ئەگەری دروستبوونی گۆڕانکاری لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە جگە لە وەهمێک هیچیتر نیە ...
.
"بەختیار عەلی"
🍁🍃🌷🌼🌸💐🌾🌺🌻🌹🎋
🆔 @baxtyar_ali
This media is not supported in your browser
VIEW IN TELEGRAM
"خزمەتکارەکان"

نووسین "بەختیار عەلی"
خوێندنەوە "عادڵ عەزیز"
لە دیوانی "تا ماتەمی گوڵ تا خوێنی فریشتە"
🍁🍃🌷🌼🌸💐🌾🌺🌻🌹🎋
🆔 @baxtyar_ali
Media is too big
VIEW IN TELEGRAM
بەختیار عەلی بۆ کەم لەسەر کێشەی ئافرەتان لە کۆمەڵگا دەنوسێت؟
مامۆستا بەختیار عەلی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی کوردسات لە ساڵی 2005 وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە.

*جیهانی بێ ئافرەت، وەک چاوی بێ گلێنە و باخی بێ گوڵ و خۆری بێ تیشک وایە...!
"بەختیار عەلی"
#8ی_مارس
ژن، بەشی تەواوکەری کۆمەڵگە، یەکەم مامۆستای زمان، یەکەم بارهێنەری مرۆڤ و کۆدی کردنەوەی دەرگا نهێنییەکانی ژیانە.
پیرۆز بێت #8ی_مارس ڕۆژی جیهانی ژن لە هەموو ئافرەتانی کوردستان کە هەردەم لە هەوڵ و تێکۆشاندان بۆ گەیشتن بە ئازادی و یەکسانی.

🍁🍃🌷🌼🌸💐🌾🌺🌻🌹🎋
🆔 @baxtyar_ali
لە ڕاستیدا من بەدجنس نەبووم، ئەسڵەن کارم بە کاری کەسەوە نەبوو، بەڵام تەنیا ئەوەی نەمەوێت لەوانی تر بچم بەس بوو لە تایەفەی زەریاواریدا وەک کەسێکی نەخۆش سەیربکرێم. جارێکیان مامە سیام پێی گووتم «خزمانی خۆمان کەیفیان بە تۆ نایەت، تۆ نە کەسیانت خۆشدەوێت، نە ڕقت لە کەسیانە. لە دێلاوار خەڵکی پێویستیان بە دۆست و دوژمنە... دوژمنیشیان لە دۆست پێ باشترە، دوژمن بۆ ژیان وەک ترش و خوێ وەهایە بۆ ناو خواردن و بۆ سەر سفرە، تۆزێک ڕەنگ و بۆ دەدات بەم ژیانە بێفەڕە. لە شارێکی ناخۆشی وەک دێلاواردا کە هیچ بەزم و سەفایەکمان نییە، دوژمن سەرگەرمییەکی خۆشە، بۆیە خەڵکی دەپاڕێنەوە "خودایە دەی دوژمنێکی باش و لاوازم بۆ بنێرە، لە نەنگیدا شاز بێت، لە سووکیدا هاوتای نەبێت، تا منیش لەم ژیانە پوچەدا سەرگەرمی و کەیفێکم هەبێت". بەڵام کەسێکی وەک تۆ کە بێدەنگ بێت و بچێت، نە دۆستی کەس بێت و نە دوژمنی کەس، بەشەری وا وەک ئافات وەهایە... دەدات بە زەوق و ئارەزووی خەڵکدا».

"بەختیار عەلی"
لە ڕۆمانی "ھەورەكانی دانیال"
🍁🍃🌷🌼🌸💐🌾🌺🌻🌹🎋
🆔 @baxtyar_ali
سیاسەت لە دونیای ئێمەدا جۆرێکە لە کینەی ڕێکخراو، لە بوغزی وێرانکار، قووڵ بە مەرگدۆستی و خۆوێرانکردنەوە گرێدراوە. کێشەی هەرە گەورەی سیاسەت لە کولتووری کوردی و خۆرهەڵاتیدا ئەوەیە کە دینەمۆ بنەڕەتییەکەی بوغزە. توڕەیی دیاردەیەکی سروشتی دونیای مرۆڤە، بەڵام ئەوەی توڕەیی ببێتە ئارەزووی وێرانکردن و سڕینەوەی ڕەها و تێکشکاندنی بێچەندوچونی بەرامبەر، ئەوە وادەکات ماشێنێکی فاشستیانە ببێتە دینەمۆی سیاسەت. بۆیە زۆر دوور ناڕۆم کە بڵێم شتێک لە ڕۆحی فاشییەت لە ناو کۆی ستراکتوری سیاسی لە خۆرهەڵاتدا ئیشدەکات، ئەو مەیلە گەورەیە بۆ وێرانکردنی ئەوی دی، ئەو ئارەزووە کوێرە بۆ دەرکردنی، نانبڕینی، بێموچەکردنی، زەلیلکردنی، شکاندنی شەرەفی بەردەوام لە سیاسەتی کوردیدا ئیشدەکات، لە شەڕی ناوخۆدا ئیشیدەکرد، لە ئێستاشدا بەردەوامە. ڕیشەکانی ئەم بوغزە زۆر و بەکارن، ڕەگێکی لە چەمکی «بوغزی چینایەتییەوە» دێت کە مارکسییەکان هێنایان، ڕەگێکی دیکەشی لە چەمکی «توڕەیی پیرۆزی نەتەوە»وە دێت کە ناسیونالیستەکان کاریان پێدەکرد، ڕەگێکی دیکەشی لە بنەمای «تۆڵەی ئیلاهی» ئاینییەوە دێت... بەڵام ڕیشەکانی هەرچییەک بن ئەم بوغزە هێزێکی ترسناکە بۆ لەکارخستنی هەموو ڕەوتێکی مێژوویی. بەبێ لەکارخستنی ئەو مەکینەی بوغزە، هەمیشە مەترسی ئەوە هەیە، هەموو هێزێکی سیاسی ببێتەوە بە هێزێکی وێرانکار. ئەم توڕەییە دروستکەرێکی گەورەی بۆشاییە، لە دۆخی بوغزدا تەنیا پەیوەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان ناپچڕێن، بەڵکو زەمان دەوەستێت، هەموو هێزێک چاوەڕێی وێرانبوون و کۆتایی ئەوی دییە.

"به‌ختیار عه‌لی‌"
له‌ كتێبی‌ "ئۆپۆزسیۆن و پۆرترێته‌كانی‌"
🍁🍃🌷🌼🌸💐🌾🌺🌻🌹🎋
🆔 @baxtyar_ali
یەكێك لە ئەركە گەورەكانی مرۆڤ بەدیهێنانی بڕێك لە عەدالەتە، پێشموابوو هەر مرۆڤێك لە ئێمە لە بڕێكی دیاریكراو لە عەدالەت بەرپرسیارین.
عەدالەت وەك وێنەیەكی گەورەیە كە لە چەندەها پارچەی بچوك بچوك دروستبووە، هەریەكێك لە ئێمە کاتێک لەدایكدەبین یەكێك لەو پارچە بچوكانەی وێنە گەورەكە لە دەستماندایە، دواتر كە گەورە بووین ئیشی ئێمە ئەوەیە ئەو پارچەیە لە عەدالەت لە شوێنی ڕاستەقینەی خۆیدا لەناو تابلۆكەدا دابنێین.
مرۆڤانێك هەن ئەو پارچە چکۆلانەیەی ناو مستی خۆیان فەرامۆشدەكەن، كەسانێكیش هەن دەستدەنێنە ناو ئەو تابلۆیەوە و تێكیدەدەن، بە جۆرێك ناڕێكی و ناتەبایی دەخەنە نیگارەكەوە دەبێت دەیان ساڵ دانیشین تا نەوەیەكی دیكە لەدایكدەبێت و دووبارە نیگارەكە دروستدەكاتەوە. ئیدی لەوانەیە ئەو تابلۆیە ڕۆژێك لە ڕۆژان تەواو نەبێت. تەواوبوونی وێنەی عەدالەت جگە لە خەیاڵ هیچی تر نییە، یان وەك دەڵێن یۆتۆپیایە. بەڵام ئێمەی ئادەمیزاد دەبێت بزانین كە لەگەڵ لەدایكبوونماندا بڕێك لە بەدیهێنانی عەدالەت لەسەرشانمانە، دەبێت بێ هیچ دوودڵییەك بەرەو ڕووی ئەو تابلۆیە بڕۆین و ئەو پارچە چكۆلەیەی خۆمان بخەینە شوێنی ڕاستەقینەی خۆی لە ناو وێنەكەداو نەترسین.
لەوانەیە لەو ساتەدا كە بە ڕێگاوەین بۆ جێبەجێكردنی ئەو ئەركە لە دواوە بمانپێكن، لەوانەیە ئەو پارچەیەی كە لە دەستماندایە بكەوێت و با بیبات، بەڵام دڵنیابن كە دەستێكی تر هەیە لە دوور ئەو پارچەیە دەگرێتەوە. لەوانەیە ئەویش بپێكرێت، بەڵام مەترسن و دڵنیابن كە ئەو پارچەیە دەڕوات و دەگاتە دەست یەكێكی دی، تا ڕۆژێك لە ڕۆژان یەكێك دەبێت دەستی دەگاتە ئەو تابلۆیە و ئەو پارچەیە دادەنێت.

"بەختیار عەلی"
لە ڕۆمانی "شاری مۆسیقارە سپییەکان"
🍁🍃🌷🌼🌸💐🌾🌺🌻🌹🎋
🆔 @baxtyar_ali
"کۆتایی"

گەر زەوی تەواوبێت ئاساییە ... زەوی ئەبەدی نییە ... ئەوەی تەواو نابێت ئاسمانە بە ئاسۆ غەمگینەکانییەوە .
گەر گوڵ تەواو بێت سەیرنییە ... گوڵ ئەبەدی نییە ... ئەوەی تەواونابێت باغەکانە .
گەر من و تۆ تەواوبین ئاساییە ... من و تۆ ئەبەدیی نین ... گەر ئێمە تاریک بین ئاساییە ... گەر جەنگەڵەکان تاریکبن و شەقامەکان ئێواران دەیجۆر بخۆنەوە ئاساییە ... گەر شکۆفەکان ئێواران تلیاکی زوڵمەت بکێشن ... مەترسە ... ئەوەی تەواونابێت ڕووناکییە . لە خەنجەریش مەترسە ، لە لەشی شکۆفەکردوو لە مەرگدا مەترسە ... مردن ئەبەدییە. سەیرمکە چۆن بەسەر مینەکاندا دەڕۆم ، چۆن دەچمە بەردەمی تۆپ و موشەکهاوێژەکانی جەنگ ... باروت تەواو دەبێت و ئومێدەکانی من تەواو نابن ... گەر مینەکان بە لەشمدا تەقین ئاساییە ... با بمرم ، من ڕاگوزەر و تێپەڕم ، مەستیم ئەبەدییە .
من هەندێک وشە لە خۆمدا دەبینم ، کە لەمێژە دەسووتێن و نابن بە خۆڵەمێش ... با وشەکان بسووتێن و تەواوبن ، ئەوەی تەواونابێت ڕەگی وشەکان و تۆوی ڕەشی ڕستەکانە لە خوێنمدا کە ئەبەدییە . ئەوەتەی هەم هەندێک گەڵا لە باغی خۆمدا دەبینم کە پاییز دەستی پێیان ناگات ، هەندێک گوڵ دەبینم نامرن ... منیش تەواو نابم ؟. نا .. من دەمرم و ئەم هاوارەی ناو ڕۆحمە نامرێت و دەڕوات و ئەبەدییە . هاوڕێم ... گەر شەقامەکان تەواو بوون ئاساییە ... شەقامەکان ئەبەدی نین ... ڕۆیشتنی من وەک گەڕیدەیەک ئەبەدییە . شارەکانیش تەواوبن سەیرنییە ... شارەکان ئەبەدی نین ... وێڵی من ئەبەدییە .

"بەختیار عەلی"
لە دیوانە شێعری "ئەی بەندەری دۆست، ئەی کەشتیی دوژمن "
🍁🍃🌷🌼🌸💐🌾🌺🌻🌹🎋
🆔 @baxtyar_ali
2024/06/03 09:26:43
Back to Top
HTML Embed Code: