Telegram Web Link
ج.م.هەڵبەست...شیعر
Photo
"هەنگاوە سپییەکان"

هاڵاوی غەریبییەکەی هەر لە دوورەوە دەهات بە ڕوومدا و بە ڕوومدا نەدایەوە، دەمزانی و نەیدەزانی بۆسۆی ئەوینە.
دەمزانی و نەیدەزانی سووتان چەند ئەستەمە، چجای سووتانی ناخ!
سووتانی ڕۆح.....
هەنگاوەکانی خۆی دەژمارد، یەک، دوو، سێ،
یەک دوو، سێ...
هەنگاو لەدوای هەنگاو...
بیری هاتەوە ئا لە بیرکارییا زۆر خراپ بوو، هەموو جارێ مامۆستاکەی لێی دەدا، مامۆستایەکی تووڕە و ڕووگرژی هەبوو تەنانەت لە سێبەرەکەی خۆشی هەڵدەچوو...
بیری هاتەوە، جارێکیان لەسەر ئەوەی بەجێی "+" نیشانەی "×"ی دانابوو ،[ئاخر بێجگە زمانی دایک زمانی دیکەی نەزانیبوو، بۆیە لێی تێ نەگەیشتبوو] گشت گیانی ڕەش و مۆر کردبووەوە....
ئاخێک و هەزار عەزرەت،....
هەگبەی بیرەوەرییەکانی پڕ بوون لەو بیرەوەرییە تاڵ و ناخۆشانە کە تەنانەت هەندێکیان ئەوەندە ناخۆش بوون، وەبیرهێنانەوەیان سەد هێندەی تر ئازاریان دەدا....
یەک دوو سێ ...
هەنگاو لەدوای هەنگاو...
بەردەوام بوو لە ڕۆیشتن و هەناسەیەکی قوووڵی هەڵدەکێشا دەتوت  دووکەڵی بیرە نەوتەکانی "بابە گوڕگوڕە".... 
ئا وەبیری هاتەوە، بیری نەوت، بیری نەوتی کەرکووک، بیری نەوتی بابە گوڕگوڕ....
ئاخ سەردەمانێک ئەو خاکە تەنیا کوردی تێدا دەژیا، سەردەمانێک ئەو خاکە شوێنپێی تورک و عارەوی وەخۆی نەدەگرت، بەڵام ئێسته چی ئێستە؟!....
تەنانەت کێلی گۆڕەکانیشیان بە تورکی و عارەوی نووسیگە...
یەک دوو سێ....
هەنگاو لەدوای هەنگاو...
بیری زیاتر ئاڵۆز دەبوو، ئاڵۆزتر لە دۆخی ورمێ، ئاخ ورمێ.... دەستی کرد بە ورتەورت و لەژێر لچەوە دەیوت، ئای ورمێ، وارێ ماد، وارێ مە، وارێ سمکۆ....
خۆ ڕۆژگارێک لێرە هەر لێرە "سمکۆ" بە ئەسپی کوردییەوە ڕمبازێنی دەکرد و تەراتێنی ئەسپەکەی گوێی گۆڕەپانی کەڕ دەکرد، ڕێ نەمابوو نەخشی سمی ئەسپەکەی سمکۆی پێوە نەبێ...
هەر لێرە بوو،لەم خاکەدا، یەکەم خوێندنگەی کوردی کرایەوە و چاوی گەشی منداڵانی کورد بە "ئەلفبێ‌یا کوردی‌یا کورمانجی "سەد ئەوندەی تر گەشایەوە...
هەر لێرە بوو  کە پیتی "ڵ" سەری "ل"ی دەخوارد و ئەوەی بێژەی "ڵ"ێی نەزانیبا، وەبەر دادگای گەل دەکەوت و تۆڵەی خوێنی ڕژاوی "ڵ_ بێژانی" لێ دەکرایەوە...
هەر لێرە بوو...
یەک دوو سێ...
هەنگاو لەدوای هەنگاو.....

✍️✍️✍️"جەماڵ مەریوانی (هەڵبەست)"
#ج_م_هەڵبەست
28ی ڕەزبەر 2725





👇👇👇👇👇👇
🆔
@cmhelbest
2👍1
2025/10/22 08:50:30
Back to Top
HTML Embed Code: