Telegram Web Link
ئەی وەتەن دەردت لە دڵما زامی سەد خەنجەر ئەکا
بۆ برینی جەرگی لەت لەت ئیشی سەد نەشتەر ئەکا

چۆن بە قوربانت نەبم بۆ مەنزەرەی پڕ قیمەتت
دڕک و داڵت تف لە لالە و سوسەن و عەنبەر ئەکا

گەرمیانت دەک نەناڵێ بۆ هەوا شیرینەکەی
قامەتی گەورە کچانی گەپ بە نەیشەککەر ئەکا

دوو شەتان و قەڵبەزی بەفراوی شاخ و داخەکەت
بێ درۆ وەڵڵا لە ئاوی زەمزەم و کەوسەر ئەکا

ئەی وەتەن خاکت بە حوڕی دەس کەوێ بۆ تاجی سەر
تازە کێ مەیل و خەیاڵی تاج یا ئەفسەر ئەکا

ئەی وەتەن داخی گرانم ئەو کەسەی وا تۆی فرۆشت
دیققەتی ڕیشی ئەدەی عەینەن لە جادووگەر ئەکا

ئەی وەتەن نانت حەرامە بۆ ئەوەی ڕۆژی مەساف
کۆ لە تەییارە و بریقەی نێزە و پەیکەر ئەکا

ئەی وەتەن یاخوا بژی بۆ ئیفتخاری قانعی
قانعیش یاخوا بژی چوون سەنعەتی گەوهەر ئەکا


🔸قانع

@trupkirezgari
Forwarded from عیسا ئەحمەدی
کچی ئەوبەری پردەکە

لە داوێنی چیای سەرکەش، لە نێو دارستانی چڕوپڕ، کچێکی لەباری ڕەش ئەسمەری، کەزیە و بسکی تا کەمەری، لەگەڵ باوک و زڕدایکی پێکەوە لە ماڵێکی هەژارانەدا دەژیان. زڕدایکی لە خودا بەدوور، هەموو ڕۆژێ وێنەی گای پەرواری لە نێو کەپرێک بۆ خۆی دادەنیشت و ئەو کچە بەستەزمانەی دەناردە سەرکانی بۆ جلشۆردن و ئاو کێشان. ڕۆژێک ئەو کچەی نیانتر لە پەڕەی گوڵ، کە دەچوو بۆ کۆڵەدار ...


کە چیرۆکەکەم گەیشتە ئێرە، کچەکەم وتی: باوکە بۆ ئەوەندە بەپەلەی لە گێڕانەوەی ئەم چیرۆکە؟ ئاخر کەسێک بتوانێ لە چیای سەرکەش و لە نێو دارستان خانوو بەرە ساز بکات، کوا هەژارە؟  دیارە دەستی بە دەستەڵاتەوە بەندە. وتم: ببورە کچی خۆم، من بە هەڵەدا چووم. ماڵی ئەو هەژارانە لە گەڕەکی قەراغی شار بوو. وتی: واتە ماڵی خۆیان هەبووە. ئەی ئەوانەی کە شەوانه لە قەراغی شەقام دەخەون کێن؟ وتم: بنەماڵەی ئەو کچە جوانە لە گەرەکی قەراخی شار کرێنشین بوون. وتی: باسی کام جوانی دەکەی؟ بە پێوەری ئەمڕۆ کچ و ژنی جوان ئەو کەسەیە کە دەیان نەشتەرگەری جوانکاری بۆ کرابێ. هەمووشیان وەکوو یەکن. دەڵێی هەموویان منداڵی یەک ماڵن. وتم: کچێکی ئاسایی بوو کە لەگەڵ بنەماڵەی لە گەڕەکی لای شار کرێ نشین بوون...

وتی: باوکە گیان! نەوەک لە ئاکامی چیرۆکەکەت، شازادەیێک بە ڕێبواری بێت و عاشقی ئەو کچە بێت و له ژێر چەپۆکی زڕدایک ڕزگاری بکات؟ وتم: بەڵێ وایە. وتی: ئەوە شازادەی قەدیم بوو کە لە مانای ئەوین تێدەگەیشت. ئەمڕۆ پیرە شازادە هەیە لەگەڵ خێزانی بە ئاشکرا کێبەرکێی خەیانەتیان داناوە. تازە ئەو هەموو کچانەی کە تەمەنیان گەیشتە چل و پەنجا، چاوەڕێی چەند شازادەن؟
بۆچی لەو هەموو چیرۆکەی ئێوەدا هەر باسی زۆڵمی زڕدایک و بێوەفایی ژن و پیرەژنی جادووگەرە و بە چاوێک بۆ ژن و پیاو ناڕوانن؟ کاتێ لە ئەمڕۆی کۆمەڵگا ئەو هەموو کەمتیار و گورگانە گەمارۆی ئێمەی داوە، بۆ ئێوە واز لە زڕدایکی ناو چیرۆکان ناهێنن؟

کاتێ لە دیوی کچەکەم دەهاتمە دەر، وتی باوکە گیان! پێشەکی چیرۆکەکەت شیعری کام شاعیر بوو؟

زانیم بۆ پێوەندی لەگەڵ نەوەی نوێ و ناسینی کێشەکانی بەرەی ئەمڕۆ زمانێکی تازە پێویستە.
ئێمە کە لە ئایەتەلکورسی تەنیا فوو کردنەکەی ئاخریمان لەبەرە و لە پەروەردەی منداڵیش تەنیا بە دنیا هێنانەکەیمان لەسەرە، بۆچی ناپرسین ئاخۆ کێ خەونی ئەوانە پێک دێنێ؟ بە کام باردا ڕایان دەکێشێ؟
نابێ پردی نێوان ئەو دوو بەرە بڕۆخێ. ئەوان  پێویستیان بە ئێمەیە.


مارگارێت ئەتوود/پژمان تهرانیان

خوێنەری خاوەنبیر!

هەر وا کە دنیا گۆڕاوە، شێوازی ڕوانین  بۆ دنیاش گۆڕاوە. جا ڕەنگە ئێمە پێمان خۆش بێت یان ناخۆش. بۆ وێنە من دڵخۆشم بەوەی کە بەرەی ئەمڕۆ، کەسانی فێڵەباز و دەسبڕ ناتوانن بە ناوی ئایین و نیشتمان و بەها پیرۆزەکانی دیکە و بۆ قازانجی خۆیان کڵاویان لە سەر بنێن. بە پێچەوانەی ئێمە کە زۆر هاسان هەموو شتێکمان قەبووڵ دەکرد.
جاری واش هەیە پێم‌ ناخۆشە. بۆ وێنە دەبینم ئەم نەوەی تازە حەزیان لە پارەی بێڕەنجە. حەز بە جیهانی مەجازی و دنیای دیجیتاڵ دەکەن تا پێوەندی لەگەڵ مرۆڤەکان. یان ئەوەی کە هیوایان بە دواڕۆژ کەمترە.

بەڵام ئەوەی جێی مەترسیە ئەوەیە کە هەتا دێت بە هۆی تێنەگەیشتن لە زمانی یەکتر پەروەردەی بەرەی تازە رۆژ لە دوای ڕۆژ دەکەوێتە دەستی نەیاران.

عیسا ئەحمەدی١٤٠٤/٠٣/١٩
هیچ جیاوازییەکی نییە کە
چاڵئاوێکی چکۆله بیی
یان زەریاییەکی بێ بن
زوڵاڵ کە بیی
ئاسمان لە ناختدایە!

🔸وەرگێڕدراوە
بە دەم مەوجی خوێنی ئەشکەوەم، بڕوانە چۆنم بۆت!
دەروونم کەیلی زووخی دەرد و غەم، بڕوانە چۆنم بۆت!

ڕەقیبی سەگ حەزی بوو، کوشتمت، سەیری کە چۆنی بۆم
دوعا بۆ دەست و تێغت من دەکەم، بڕوانە چۆنم بۆت!

بە غەدداری نە وەک ناوت بەرن، بمئەنجنی، قەت من
شکاتی جەوری تۆ بەر کەس دەبەم؟ بڕوانە چۆنم بۆت!

هەناسەی ئاگرینم بردەوە بەر، تا دەروونم سووت
بە ناڵە تا دڵت سەخڵەت نەدەم، بڕوانە چۆنم بۆت!

بیانوو بگرە، شێوەی خۆت بشێوێنە بە من کوشتن
وەها چاوی بەدت لێ لا دەدەم، بڕوانە چۆنم بۆت!

بە ئاوی گریە هەر دەم ناوی چاوم ششتووە، نەک جێت
بە خوێن ئاغوشتە بێ، تۆ، چاوەکەم، بڕوانە چۆنم بۆت!

غەمی خۆشی نیە مەحوی لە دڵیا، هەر غەمی تۆیە
لە عیشقتدا دەکەم غەم بۆ بەغەم، بڕوانە چۆنم بۆت.


🔸مەحوی

@trupkirezgari
بە تیشكی چاوەكانت ئاگرێ بەربۆتە ناو جەرگم
نەسیمیش هەرزەئاسایە و لە دیدرام پەشیمانە

گرفتاری شەوی ئەگریجەتم كوا ڕۆژی ڕووت قوربان
مەتۆرێنە دڵم تۆخوا تەماشا كە چەند پەرێشانە

🔸قانع

@trupkirezgari
وەکوو ڕۆژ ئەو مەھە لەو دوورە دەرکەوت
لەمێوە ئەشک و ئاھی ئێمە سەر کەوت

کە ئەو لێو و ددانەم دی، بە جارێ
لە بەر چاوم ھەموو لەعل و گوھەر کەوت

وەنەوزێکم شەوێ دا، گەیییە سەرم و
وتی: ھەستە، ھەتاوت وا لە سەر کەوت

لە کێ یا ڕەب خەبەرپرسی بکەم من
کە ھەر کەس بۆ خەبەر چوو، بێ خەبەر کەوت

دڵم وەک شێری بێشەی شوعلەگرتوو
لە سینەی پڕ لە سۆزم دەربەدەر کەوت

بە تیر ئەمڕۆ دڕی وا ھەرچی پێش ھات
خودا پێ داوە ھەر کەس بەر نەزەر کەوت

لە سەر خۆ چوو بە دەم گریانەوە دڵ
گەڕەک پڕ بوو کە ئەم منداڵە دەرکەوت

لە ڕۆژاواوە ئیمشەو بێ نیقابە
مەھی من، ماھی عالەم بێ مەفەڕ کەوت

بە خۆڕایی ئەوەندەم ناڵە کێشا
لە سینەم دا پسا، ما، بێ ئەسەر کەوت

برۆی ئەو شۆخە ئەمڕۆ تێغی کێشا
نەجاتی دا بە ڕەحمەت ھەرچی بەر کەوت

بە پیر ئەو ڕۆژەوە مەحوی ئەوەندە
بە سەر چووبوو، وەکوو شەونم لە سەر کەوت

🔸مەحوی


@trupkirezgari
Mazhari Xalqi - Beri Beyan - HD _ مەزھەری خالقی - بەری بەیان
<unknown>
🎼

 
بەری بەیانە، ڕووناکە ئاسۆ:
ئاسۆی هیوای کورد، مژدە بێ لە تۆ!
دەنگی بانگ هەڵسا لە مزگەوتی دێ
باڵدار هێلانەی خەو بە جێ دێڵێ
قاسپە قاسپی کەو ئاشکرا ئەڵێ:
کاتی فرمان هات، کورد نابێ بنوێ.
بەری بەیانە، ڕووناکە ئاسۆ:
ئاسۆی هیوای کورد، مژدە بێ لە تۆ!
هەڵسە ئەی لاوی نیشتمانیی کورد!
سەردەمی هەڵسان هەرکەسێ نووست، مرد!
پێویستی پیرۆز؛ بەڵام سەخت و ورد
چاوەڕوانتە، هەڵسە دەستوبرد!
بەری بەیانە، ڕووناکە ئاسۆ:
ئاسۆی هیوای کورد، مژدە بێ لە تۆ!
بۆ بەختیاری و سەربەخۆیی گەل،
لەگەڵ هاوڕێتا پەل بدەرە پەل!
کەی دەرچوو تیشکی هەتاو لە دەم کەل،
وریا بی، زۆر چاک بە کاربێنی هەل
بەری بەیانە، ڕووناکە ئاسۆ،
ئاسۆی هیوای کورد، مژدە بێ لە تۆ!


🔸گۆران
@trupkirezgari
هەیبەتی شەڕەنگێزی ئەم ئێوارە وەچاوەکانت دەچێ
کاتێ کە تووڕەی و من دەسەڵاتی خۆشویستنتم نییە!

شەیدا مەحموودی

@hanasyaven
خۆڕایی نییە ناڵەیی گەرم و دەمی سەردم

ھەڵبەت بە بەڵایێکەوە ئاڵاوە دڵی من

🔸بێخود

@trupkirezgari
جانم فیدایی سروەکەت ئەی بادەکەی سەحەر
ئەی پەیکی موستەعید لە هەموو ڕاهی پڕخەتەر

ئەی میروەحەی جەماڵی مەهاسای دڵبەران
وەی شانەزەن بە کاکۆڵی تورکانی سیمبەر

جاڕووکەشی مەنازیلی جانان لە خەڵوەتا
فەڕڕاشی فەڕشی سەبزە، بەهاران، لە دەشتودەر

ماڵش دەدەی بە دەم لە دەمی خابی سوبحدەم
هەم زولفی قیرگوونەو هەم چیهرەیی قەمەر

باری لە سروەکەت بە شنەی ئەنگەبینی گەز
کردوویە جونبوشت بە هەماغووشی نەیشەکەر

وەختی تەوافی عاریزی دڵبەر شنۆیی تۆ
لەغزش دەخا بە توڕڕە لە سەر تا بە پێی کەمەر

کەی دێتە خەندە غونچەدەمێ بێ وەزیدەنت
گەر تۆ نەبی درەختی چەمەن ناگرێ سەمەر

ئەحیاکونی جەمیعی نەباتاتی عالەمی
ڕەعنا کشا لە تەربیەتت قامەتی شەجەر

ئابی حەیاتە ئاتەشی ئەفسوردەیی دەمت
تەحریکی تۆیە گڕ لە تەنوورا کە دێتە دەر

میحنەت ئەوەندە زۆرە، هێندە دڵم تەنگ بووە
دوودی هەناسەیی سەحەرم هەوری گرتە بەر

شەهرێکە پڕ لە زوڵم و مەکانێکە پڕ لە شین
جایێکە پڕ لە شۆر و وڵاتێکە پڕ لە شەڕ

سەربانی پڕ لە کەژدوم و دیواری پڕ لە مار
گەودالی پڕ لە ڕەهزەن و سەحرایی پڕخەتەر

توو خوا بڵێ بە حەزرەتی نالی دەخیلی بم
بەم نەوعە قەد نەکا بە سولەیمانییا گوزەر

«سالم» ـسیفەت لە بێکەسیا با نەبێ هیلاک
من کردم، ئەو نەکا لە غەما خوێنی خۆی هەدەر


🔸سالم


@trupkirezgari
هەموو ئەعزایی ناڵینم دەناڵێ
سەراپام میسلی مۆسیقارە بێ تۆ
قەسەم بە شەربەتی دیداری پاکەت
شەرابم عەینی ژەهری مارە بێ تۆ


🔸نالی
بولبولی تەبعم ئەوا دیسان سەناخوانی دەکا
نوکتە سەنجی و بەزلەگۆیی و عەنبەر ئەفشانی دەکا

هەر کەسێ ئیزهاری دانایی بکات و مەقسەدی
خود پەسەندی بێ، یەقین ئیزهاری نادانی دەکا

خەرقە پۆشێ کەی دەپۆشێ جەوهەری زاتی ئەمن؟
بێتە نێو جیلوەی بە زوشتیی خۆی بە عوریانیی دەکا

زابیتەی تەبعم سەوارە، ئیدعای شاهیی هەیە
موحتەشەم دیوانە، داوای تەختی خاقانی دەکا [١]

شاهیدی فیکرم کە بێتە جیلوەگاهی دولبەریی
شاهی خوسرەو ڕۆحی شیرینی بە قوربانی دەکا

نووکی خامەی من کە بێتە مەعنی ئارایی کەماڵ
خەت بە خەت ئیزهاری نەقشی سوڕەتی مانی دەکا

ئیستیتاعە و قووەتی تەبعم بە کوردی و فارسی
عارەبت، ئیزهاری چالاکی یو چەسپانی دەکا

خاترێکی شۆخ و خۆش و بێ غەم و جەمعم هەبوو
ئێستە بۆ زولفی کەسێ مەشقی پەرێشانی دەکا

هودهودی دڵ حەبسی بەڵقیسی سەبای دیوە، یەقین
خۆی کە دامەن گیری شاهی ئاسەفی سانی دەکا

ئەو کەسەی تەحدیسی نێعمەت بێ موراد و مەتڵەبی
میسلی نالی ئیمتیسالی ئەمری یەزدانی دەکا [٢]

🔸نالـــــی


[١] موحتەشیم دیوان: دیوەخانی قەرەباڵغ؛ ئاماژە بە شاعیرێکی فارسیشە بە نێوی موحتەشیم
[٢] تەحدیسی نێعمەت: باس کردنی ناز و نێعمەت. ئیمتیسال: گوێ ڕایەڵی


@trupkirezgari
من و بادی سەحەر یاران! عەجایب بێ قەرارێکین

بە سەرگەردانییا هەر دوو دەڵێی مەشغووڵی کارێکین

لە سایەی دەوڵەتی حاجیب، مەکان و ئاشنام دەسکەوت

لە کۆی جانانەدا دایم لەگەڵ سەگ یاری غارێکین

لە هەمدەردت مەکە وەحشەت، وەرە بولبول ڕەفێقت هات

بناڵین با بەجووت هەر یەک، ڕەهەندەی گوڵعوزارێکین

سەدای گریانی خۆم و دەنگی ناڵەی دڵ لەدەس هیجران

وەها دێ موتتەسیل شەو، هەر دەڵێی زەنگی زەوارێکین

تەنی زار و ڕوخی زەردم، لە حورمەتدا خەس و پووشن

لە مەددی مەوجی بەحری لوتفی یارا بەرکەنارێکین

لەگەڵ زاهید بە تەقدیری فەلەک هەرگیز جودا نابم

لە قوربی غەیرە ڕەغبەتدا بەمیسلی سیر و مارێکین

ستادەم خۆم و جان و دڵ بە سالم وەختێ ڕابووری

لەڕێگەت نەقد دەر کەف بۆ نیسارت ئینتزارێکین

🔸سالم

@trupkirezgari
ئەو گوڵەی ئاواتی گەل بوو، پێم بڵێ‌ بۆچی ونە
چاو لە تاوی خوێن دەڕێژێ‌، دڵ لە تاوی كونكونە
خۆی نەماوە، شیعرەكانی تیری جەرگی دوژمنە
گەر هەبێ‌ شاعیر لەناو كوردا، بەڕاستی "هێمنە"
خۆشەویستی ئەو هەمیشە وا لەناو هەستی منە

🔸مامۆستا هێمن


@trupkirezgari
دڵم شادە لە بەندی سیلسیلەی گێسوویی دڵبەردا
لە شانە خۆفناکم دەفعەیێ لەم بەندە دڵ بەردا

لە دونیادا دڵم گەر تەرکی توڕڕەی تۆ نەکا سەھلە
بروون نایێ لە شۆر و زەمزەمەی غەوغایی مەحشەردا

بەسەر سەرتا بپێکێ چەتری تاووسی ئەگەر توڕڕەت
دەکا بیروون لە فەرقی پادشەھ زینەت لە ئەفسەردا

گڕی بەست دڵ لە سینەمدا لە حەسرەت سەردی میھری تۆ
هەتا کەی ئاگری پڕ گڕ دەسووتێنی لە مەجمەردا

تەحەممول کە زەمانی کوشتنی من سورعەتی ناوێ
لە دڵمایە بگێڕم خۆم بەدەوری دەست و خەنجەردا

نە فەرھاد کەوتە شۆری من نە شیرین گەییە ڕوتبەی تۆ
لە دڵ من نەقشی تۆم ھەڵکەند و ئەو کێشای بەڕووی بەردا...

🔸سالم

@trupkirezgari
ئارەزوومە هیچ نەبێ جارێکی‌ تر ماچ کەم زاری «تۆ»...!

#هێمن
شار باغە وەحشێک بوو
پڕ لە پەنجەی ڕۆشەنبیری
پڕ لە ئێسکی فریشتەی ئەخلاق و
پڕ لە جنجڕوکی تابلۆی نینۆککاری
لە کێوی کوڵمەی پڕ لە ژێلی نیگای دڵبەر کە وەسەر کەوتی
پێچێک سەرتر لە عەنکاوە
دوو شێر
لە چادرێکدا
لەسەر ئیمپڕاتووری بێشەڕەفی شەڕیانە
ئەو شێعرە
لە دووکەڵی قەلیانێک دەچێ
کە لە سییەی شەکەتی دێمۆکڕاسی دێتە دەرێ
ماچێک لە لێوی موجەسسەمەی دین و
ماچێکیش
لە لێوی تەڕی پەیکەری مێژوو
ئەوڕۆ
شەممەیە
قوتابخانەکان کراونەوە و
بێچۆ مرۆڤ
خەریکن
وانەی وەحشی بوون دەخوێنن


تروسکه هۆنیا

@trupkirezgari
خۆشەویستم!
زۆر لەمێژە تاسەی دووریت
وەک دڵۆپێ فرمێسک
لەناو گلێنەی چاوما قەتیس ماوە
هەوری ئازار
بەسەر کێڵگەی تینووی دڵما
پرچی ڕەشی خەم و زووخاوی هەڵاوە...

🔸جەلال_مەلەکشا

@trupkirezgari
2025/06/27 04:23:33
Back to Top
HTML Embed Code: