Telegram Web Link
چاوەکانت مەستی نازە یا لە خەو هەڵساوە یا
مەستی مەی یا خوێن ڕژانی عاشقانە مەتڵەبی؟

@Honrave
#سابیری
خەریکم
فەرهەنگی تامەکان،
کۆ دەکەمەوە..!
بۆ تامی ماچ داماوم..!

تامێکم پێ نادەی
کۆتایی بێت ئەم فەرهەنگە؟
@Honrave
#جەهان_عەلیزادە
پڕ بە ئامێزی شەوێ هاودەمی ژان و کەسەرم
دێ بەرەو کووچەیی یادت لە پڕێکا نەزەرم

پێم دەڵێ کووچە: بڕۆ لێرە نەما شۆخی ئەوین
بێ‌خەبەر بۆچی دەڕۆی؟ خاک و گڵی ڕێت بەسەرم

نییە توانا کە بەرەو دواوە بنێم هەنگاوم
سەیرە ئەو ڕێیە کە هاتووم چەنێ سەختە لەبەرم

تەرمی خۆزگەی منی داماوە لە کۆڵانی حەزت
سەیری هەر شوێنێ دەکەم لیپە لە خوێناو و تەرم

چیت لە من کردووە گەر هەست بە برینم ناکەم؟
دەبڵێ: تازەیە خۆ ئێشی نییە زامی گەرم

قوڕی ئەم شارە بەسەر کەم لە غەمت؟ بێ بەزەیی
من لە شار و گەڕەکی عەشق و ئەوین دەربەدەرم

بە خودا ماوە لە دڵ عەشقێ ئەهوورایی گوڵێ
بۆنی تۆیە لە غەزەل بۆتە هەوێنی هونەرم

من کە میراتگری شەشدانگی غەمی هیجری ئەتۆم
بەو بەشەی داوتە بە من تاکوو بڵێی بەختەوەرم

"کاوە" گەر شاعێری عەشقە لە سەدەی بیست و یەکا
بەرگی ئوستادی غەزەل تۆی کە دووریوتە بە بەرم

@Honrave
#کاوە_داشبەندی
لە بەختانم سەری کوێستانێ سەنگە
لەگەڵ من ئەو چیا سەختە بەجەنگە

گوڵان دەسیان لە دەس یەک ناوە ئەمما
لە ناو واندا دڵی من بۆ تۆ تەنگە

@Honrave
#هێدی
نا مەچۆ، جوانێ مەچۆ، واوە مەچۆ!
تۆ فریوی زێڕ و زیوی وان مەخۆ!

ئەو ھەوەس بازانە جێی متمانە نین
ھەر دەزانن گوڵ چنین و بەی ڕنین

وا وەرە، دەی وا وەرە نێزیک بە لێم
بمدەیە مەی، بمدەیە مەی تا دەڵێم:

((مست مستم ساقیا دستم بگیر!
تا نە افتادم ز پا دستم بگیر!))

جا کە سەر خۆش بووم بە دەنگێکی نەوی
بۆت دەڵێم ئەو شیعرە بەرزەی مەولەوی

((بشنو از نی چون حکایت می کند
از جداییھا شکایت می کند))

گوێم دەیە ئەی دیدە مەستی قیت و قۆز!
تا بناڵێنم وەکوو بلوێر بە سۆز

نابێ قەت ناڵەی جودایی بێ ئەسەر
جا چ نەی بیکا چ پیاوی دەربەدەر

بۆیە ناڵەم تێکەڵی نەی کردووە
شیوەنێکم پێیە نەی نەیکردووە

لێم گەڕێ با دەربڕم سۆزی دەروون
لێم گەڕێ با ھەڵوەرێنم ئەشکی ڕوون

شیوەنی من شیوەنی ئینسانیە
بانگی ئازادی و گڕووی یەکسانیە

شیوەنی من شینی کوردی بێ بەشە
ئەو گەلەی حاشا دەکەن لێی و ھەشە

با لە زارم بێتە دەر پشکۆی شیعر
با فراوانتر بکەم ئاسۆی شیعر

پارچە گۆشتێکە دڵی من ڕوو نیە
ناڵەناڵی من درەنگە زوو نیە

دەردی دووری، دەردی دووری، کوشتمی
دەردی وشیاری و سەبووری کوشتمی

یادی یاران و وڵاتم ڕۆژ و شەو
لێی حەرام کردم قەرار و خورد و خەو

خەم ڕەوێنێک لێرە من ناکەم بەدی
چۆن پەنا بۆ مەی نەبەم ساقی ئەدی؟!

نابینم خاک و وڵات و شاری خۆم
نابینم ناسیاو و دۆست و یاری خۆم

ڕوو لە ھەر لایەک دەکەم نامۆیە بۆم
نابینم جێ ژوان و کەونەلانی خۆم

شەو دەکێشم شەونخوونی و بێ خەوی
ڕۆژ دەچێژم دەرد و داخی بێ ئەوی

چۆن نەناڵی ئەو دڵەی پڕ ھەستی من؟!
چۆن لە ئەژنۆ ببنەوە دوو دەستی من؟!

چۆن نەناڵی ئەو دڵە ئەنگاوتەیە؟!
بەرد لە بەردی بێتەوە دەنگی ھەیە

ژانی ناسۆری جوداییم چێشتووە
ھەرچی خۆشم ویستووە جێم ھێشتووە

ھەڵبڕاوم من لە یاری نازەنین
دەرکراوم من لە خاکی دڵ نشین

بوومە ئاوارە و پەڕیوەی دوور وڵات
کەوتمە نێوە وردە داوی رێی نەجات

بەکرە شۆفارە ئەوی مووخەی چنیم
زێی مەم و زینان وڵاتی لێ تەنیم

کەوتمە نێو چاڵی دیلی وەک ((مەمێ))
((یایە زین)) لە کوێیە ھاواری کەمێ!

کوا ((قەرە تاژدین))، ((چەکۆ)) و ((عەرفۆ)) لە کوێن؟؟!
بێنە ھانام وەک پڵینگی چنگ بە خوێن

((لاس))ە شۆڕێک بووم غەنیمی دوژمنان
ئێستە ئەنگواوم بە تیری چڵکنان

وام بە تەنیایی لە نێو خوێنا شەڵاڵ
کوانێ عێل و کوانێ ((خانزاد)) و ((خەزاڵ))؟!

زۆر لە مێژە نارە ناری منی نەبیست
ھەر وەکوو ((شەمزین))، ((شەم)) یلەی خۆش ئەویست

وەک ((سیامەند)) ێ لە چۆڵ و بەندەنێ
جەرگی لەت کردم پەلی دارەبەنێ

شەتڵی جواناوم منی ساردە برین
کوا ((خەج)) م تا بۆم بگێڕێ گەرمەشین؟!

((مانگی کانوونی بە چلوان دەرکرام))
وەک ((برایم)) لەو وڵاتە ڕاو نرام

کوا ((پەریخان)) بەند و باوم بۆ بڵێ؟!
بۆ نەسووتێم نەبمە پۆلووی سەر کڵێ؟!

ئەو لە زۆزان، من لە ئارانێ دەژیم
کێ دەڵێ ئەمنیش وەلی دێوانە نیم؟!

کوردەواری ئەی وڵاتە جوانەکەم!
ڕۆڵەکەم! خێزانەکەم! باوانەکەم!

ئەی ئەوانەی قەت لە بیرم ناچنەوە
ئێستە بمبینن ئەرێ دەمناسنەوە؟

ڕۆژگار ھاڕیومی وەک ئەسپۆنی ورد
ھێز و توانای لێ بڕیوم دەردە کورد

بوومە گەپچاڕ و دەکا گاڵتەی بە من
ئەو ڕمووزنەی زەندەقی چوو بوو لە من

ئەی ڕەفیقان، ئەی عەزیزانی وڵات!
ئەی برای ھاوسەنگەری جەرگەی خەبات!

گەر دەناڵێنم، ئەمن پەک کەوتە نیم
تێدەکۆشم بۆ وەسڵ تاکوو دەژیم

کۆششی من زۆر بە جێیە و زۆر ڕەوا
چونکە قانوونی تەبیعەت وایە، وا

((ھر کسی کو دور ماند از اصل خویش
باز جوید روزگار و صل خویش))

ڕێگە دەبڕم، کوانێ ھەنگاوم شلە
ڕاستە بێ ھێزم، دەکەم ئەمما ملە

ھەر دەپێوم کێو و شاخ و چۆڵ و دەشت
دێم بەرەو کوێستان بەرەو باخی بەھەشت

دێم بەرەو زیخ و چەو و کانیاوی خۆم
چۆن لەوانە وەردەگێڕم چاوی خۆم؟

دێم بەرەو ئەو دار و بەرد و بەندەنە
دێم بەرەو ئەو باخ و مێرگ و چیمەنە

دێم بەرەو زورک و تەلان و کەند و لەند
دێم بەرەو بژوێن و زەنوێر و زەمەند

دێم بەرەو پاناوک و ھەوراز و نشێو
دێم بەرەو ئەشکەوت و زەندۆڵ و پەسێو

دێم بەرەو بەفر و چلوورە و بەستەڵەک
دێم بەرەو شێخاڵ و ریچکە و ڕەشبەڵەک

دێم بەرەو لێڕ و چڕ و بەستێن و چۆم
دێم بەرەو ھەڵدێر و گێژ و بەند و گۆم

دێم بەرەو ھۆبە و ھەواری باسەفا
دێم بەرەو لادێ، بەرەو کانگەی وەفا

دێم ببینم نیشتمان و زێدەکەم
دێم ببینم خزم و کاک و دێدەکەم

دێم و دەگرم بازی بێری شۆخ و شەنگ
دێم و دەگرم دەستی دۆی جوان و چەلەنگ

دێم گراوی خۆم لە باوەش وەرگرم
دێم نەھێڵم بەر ھەڵست و بەرگرم

دێم و ھەڵدەمژم شنەی کوێستانی کورد
دێم و دەچمە شەوڕنی بێستانی کورد

دێم و دەشکێنم لەوێ جامی شەراب
ماچی شیرین نایەڵێ تامی شەراب

دێم و ناترسم لە پەرژینی بەزی
ھەر پەری سەرکەوت و دێوەزمە بەزی

تا بمێنێ نووری چاو و ھێزی پێم
دێم و دێم و دێم و دێم و دێم و دێم

دێم ھەتا ھەمبێ بڕست و بیر و ھۆش
گەر گلاشم، کوردەواری و ئێوە خۆش!

@Honrave
سەرم بەرزۆ نەکرد گەرچی لە لای تۆ
سەرێکم بوو بە سەربەرزی، کەچی چوو

کەچم کرد قیبلە بۆ لای بەرزە باڵات
سڕم، نەمزانی ئیمانم بە چی چوو

سەدان خوزگە بەوەی باڵاکەتی دیت
نە عومری من کە بە گەردن کەچی چوو

له من "ده‌چم" و له دوستانم "مەچۆوه!"
هه‌موو لاویم دەگەڵ ده‌چم و نه‌چی چوو

@Honrave
#ئیسماعیل_موختاری
من سەرم دانا لە ڕێی دڵداریا سامانی چی!
سەد هەزارانی وەکوو من بێ سەر و سامانی عەشق

@Honrave
#عەونی
بە هاوین جەستەخەستەی دەردی گەرمام
بە زستان دڵشکستەی بەردی سەرمام

بەڵاگەردانی باڵات بم ئەگەر چووم
فیدای هیندوویی خاڵت بم ئەگەر مام

@Honrave
#نالی
چاوەکەم ئەمڕۆ لە گوڵشەن گوڵ بە عیشوە خۆی نواند
نەک نمەکگیر بم، بە مەرگی تۆ قەسەم هیچ نەمدواند

گوڵ بە تۆزی پێتەوە لاف و گەزافی لێ دەدا
وا شکور سۆزەی نەسیم هات و ئەویشی لێ ستاند

نەشتەری موژگانی تۆ هاتۆتە سەر سەفحەی دڵم
هەر خەتێ بوو، غەیری خەتتی سەوزی تۆ، پاکی کڕاند

لەشکری ئاهم لەگەڵ جەیشی حەبەش دەعوا دەکا
حیرەتم ماوە کە چۆن ئەو دڵبەرە دڵمی ڕفاند؟

بۆ گوڵی ڕووت ماتەمی پەرچەم دەبینێ بۆیە وا
ماهی نەورۆزم بە شیوەن وەک محەڕڕەم خۆی نوواند

تۆ لە ئەووەڵ گۆی وەفات هێنایە نێو مەیدانەوە
ئێستە چەوگانی خیلافت پشتی سەد وەعدەی شکاند

تۆخودا قەت غیرەتە بۆ تۆ ئەرێ سەروی ڕەوان
گوڵ بەبێ تۆ وا لە باغا خێوەتی خۆی لێ چەقاند؟

با وجوود ئینساف بدەم چاکە، گوڵیش موشتاقتە
هەر لە شەوقی تۆیە سەرپۆش و گەریبانی دڕاند

هەرکەسێ مایل بە پیرێکە و تەریقێکی هەیە
تۆ بە شوعلەی غەم حەریقی وا وەجاخت هەڵگڕاند

@Honrave
#حەریق
هەرچی لە سەر تۆ گەڕا شاد بوو بە دەوڵەتی ڕووت
زولفی شکستە بۆیێ دەستی لە دامەنت دا

سەد ڕۆح ئەگەر فیدا کەم ناگەم بە خەتت و خاڵت
من نائومێد و مەحرووم هیندوو لە گوڵشەنتدا

زولفت لە پێ کەوت و خەت هات بە تەمای قەتڵی دڵ
ئاخر بە دەستخەتی خۆت گرتت بە کوشتنت دا

ئەی نەوبەهاری خووبی ڕوحمێ بە حاڵی بولبول
نەوەک سەرمای هەناسەی لە گوڵ و یاسەمەنت دا

ئەی خەت بە زولفی دولبەر تۆ بوویە فیتنەیی دڵ
دڵ بێغەم و خەیاڵ بوو هاتی بە گرتنت دا

وا تێمەگە عەزیزم کوشتمت و نائومێد بووم
دەستم ئەگەر نەگەییێ خوێنم لە گەردەنت دا

بە قسەم بکە وەفایی بمرە هەتاکوو ماوی
وەسڵی بەقا بە ئایات ئەوا لە مردنت دا

@Honrave
#وەفایی
گوتم ؛ دەردی ئەوینت دڵ تەزێنە
گوتی ؛ ئەو دەردە بۆ شێعرت هەوێنە

گوتم ؛ ڕێژنەی قژت سایەی سەرم بێ
گوتی ؛ ئەو سێبەرە ،عیللەت پەڕێنە

گوتم ؛ چاوی لە بەر هەڵنایە هەنیەت
گوتی ؛ جەزبەی هەیە،چاو هەڵمەهێنە

گوتم ؛ تیری موژەت عاشق دەپێکێ
گوتی ؛ ئەو تیرە هەر عاشق بە خوێنە

گوتم ؛ ئەو چاوە بازانەت منی کوشت
گوتی ؛ نێچیرە عەشقی ئەو شەهێنە

گوتم ؛ وەک چی دەبێ ئەو کوڵمە سوورەت
گوتی ؛ قیبلەی دڵە سەر دانەوێنە

گوتم ؛ عەتری هەناسەت مەستی کردم
گوتی ؛ ئەو عەترە ،بادەی خەم ڕەوێنە

گوتم ؛ لێوت وەکوو غونچەی گوڵانە
گوتی ؛ غونچە لە کوێ وا دڵڕفێنە؟

گوتم  ؛ وەک بەندی،هەوری لارە دەنگت
گوتی ؛ ئەو دەنگە ،بەندی دڵ پسێنە

گوتم ؛ تا دەست هەڵێنی بەرزە باڵات
گوتی ؛ ناگاتێ دەستت، سەر هەڵێنە

گوتم ؛ بۆم دەرخە سێوی باغی سینگت
گوتی ؛ دەر نایە زوو وا لەو کەلێنە

گوتم ؛ کۆن بوو لە دڵما ڕەنجی دووریت
گوتی ؛ شێعرێکی تازەم بۆ وەخوێنە

گوتم ؛ گۆوەندە،بڕیا تۆم لە گەڵ بای
گوتی ؛ یادێکی من تاسە شکێنە

گوتم ؛ دامناوە ئەمشەو بێمە ژوانێ
گوتی ؛ نایبیسی هەرگیز ئەم بەڵێنە

گوتم ؛ خۆزگە لە ئامێزم دەگرتی
گوتی ؛ خەونێکی خۆشە،مەیڕەوینە

گوتم ؛ خۆ کەعبە کەج نابێ بە ماچێ
گوتی ؛ زیاتر لەوە پێ هەڵمەهێنە

گوتم؛ یادی "وەفا"دەتپێکێ ئاخر
گوتی؛ چەن خۆشە بای ئەو باوەشێنە

@Honrave
#وەفا (عومه‌ر سوڵتانی)
چۆن بەسەرکەم زەرفی ئەو قەومە دڵم بەسوێ نەیە
جامی عەیشی ئەکل و شوربی پاکییان بەسوێنەیە

خۆی لە قوڕ نێ هەرکەسێ ئەمڕۆ لەنێو قوڕدا نەبێ
دەس لە خۆی بەردا کەسێ بەردی زەلامی پێ نەیە

@Honrave
#حەریق
ئەی مانگ لە لای خۆت تاکی جوانی
وا دەماغ بەرزی و لەسەر ئاسمانی

گەشت و گێل ئەکەی بە دڵی بێ خەم
شەوق ئەدەیتە سەر ڕووی هەموو عالەم

بە شۆخی و جوانیت بۆچ مەغرووری تۆ؟
خۆ نیتە باڵا و برژانگ و برۆ

زەردە خەنە و ناز عیشوە و پێکەنین
قسەی ڕەنگین و گفتوگۆی شیرین

دیدەی وەک نێرگز زوڵفی وەک شەوبۆ
ئەی مانگ ئەمانەت لە کوێ هەیە تۆ؟

خۆزگە تۆ مانگی منت بدیایە
تاکوو خۆت لە بەر چاو بکەوەتایە

@Honrave
#کەمالی
یار هاتە تەبەسسوم بە هەناسەی منی مەبهووت
گوڵ گوڵ بە نەسیمی سەحەری غونچە دەپشکووت

وا زولفی لەسەر گەردەنی لاچوو بە هەناسەم
شەو فەجری بەیان بوو کە نەسیمی سەحەر ئەنگووت

هاڕووتی دڵم هات و لە چاهی زەنەخت کەوت
سەرگەشتە لە دووی غەمزە بە دوو نێرگسی جادووت

ئەبرۆت مەدەدی زولفە بە کێشانی دڵاندا
بۆیێکی وەها خەم بووە شاهێن و تەرازووت

سەف بەستە هەموو مونتەزیری ئەمر و نیگاهن:
قوللابی موژەت، زولفی ڕەشت، گۆشەیی ئەبرووت

هەریێکی لەلایێ بە تەمای قەتڵی وەفایین:
تابووری حەبەش، لەشکری چین، عەسکەری هیندووت.

@Honrave
#وەفایی
سەری من وا لە گوێی قەبرا ئەلەرزێ کەی غەمی تۆمە
بە دڵ من غەم ئەخۆم بۆ ئەو کەسەی ئەمڕۆ لەدایک بێ

@Honrave
#شێخ_نوری_شێخ_ساڵح
ئەزانی بۆچ فەلەک گەردوش بە کامی ئەهلی دڵ ناکا
بەبێ ئەمر و مەرامی پیاوی دوون قەت گەرد و خۆڵ ناکا


دڕک خۆ پاسەوان و هاودەمە دائیم لەدەوری گوڵ
سەرم سوڕماوە بۆ بولبول پەرەستش بۆ چقڵ ناکا؟

غەزالەی دەشتی چین وەحشن لەگەڵ کەس ناگرن ئولفەت
فیدای کار ئاسکەکەی سەحرای هەڵەبجەی من کە سڵ ناکا

ئەزانی ڕۆژی عاشق ڕەش ئەبێ وەک بەختی بەرگەشتەی
نیگاری دیدە کاڵم بۆیە چاوی فێری کل ناکا

ئەوا جەژنە هەموو کەس دەس لە مل یارن بە دڵشادی
بە تەنها یارەکەی بێ ڕەحمەکەم دەستم لە مل ناکا

بە لوقمان و ئەرەستۆناکرێ چارەی هەتا مردن
بە غەیرەز ماچی لێوت کەس عیلاجی دەردی دڵ ناکا

ڕەقیب وەک سپڵی لاورگە بەخەنجەر بیکوژن ئامان
بە غەیری زەربی خەنجەر هیچ شتێ چارەی سپڵ ناکا

نەوەک بەربێ لە داوی پەرچەمی لوولی دڵی عاشق
کەمالی بۆیە یارم پەرچەمی خۆی خاو و شل ناکا

@Honrave
#کەمالی
2024/05/17 03:58:01
Back to Top
HTML Embed Code: