دەبێ قوڕ کەم بەسەردا خەڵکە وا دیسان نیگار ئەڕوا
وەکوو بولبول بناڵم چاکە چونکە نەوبەهار ئەڕوا

زوبانی ڵاڵ بێ بۆچ وا زوو خورووسی سوبحەدەم خوێندی
شەوی وەسڵم بەسەرچوو مەوسمی بۆس و کەنار ئەڕوا

لە دێهاتی ئەبێ سووچی چ دیبێ یاری بێ ڕەحمم
کوتوپڕ واکە زوو بێزار بوو لێمان ڕوو بە شار ئەڕوا

بە پەیکانی موژەی پێکامی ئەو بێ ڕەحمە وای زانی
کە تیری ڕۆستەمە و بۆ دیدەنیی ئەسفەندیار ئەڕوا

ئەگەر مردی لە ساردی میهری دەهری دوون مەبە عاجز
زەواڵی دێ ئەمیش وەک بەفرەکەی پێرار و پار ئەڕوا

کەمالی بۆ نیساری مەقدەمی جانان تەماشاکە
کە ئەشعارم دوڕ و گەوهەر قەتار ئەندەر قەتار ئەڕوا

@Honrave
#کەمالی
دەزانی باغی بەختی ئەهلی دڵ بۆ قەت سەمەر نادا؟
فەلەک هەرگیز مورادی مەردومی ساحیب هونەر نادا؟

دەزانێ تا لە شیشەی دیدەما بی، ئەشکئالوودەم!
شەرابی جەی لە جاما ڕەونەقی خوێنی جگەر نادا!

نەکەن تا لەتلەتم بۆسەی نیهانت ڕاستی ناڵێم
بەڵێ قەفقەف هەتا نەی نەیبڕی حاسڵ، شەکەر نادا

لە من دانا نەپرسێ با ڕەوش هەرگیز لەڕێی عەشقا
بزانێ کیمیا هەرکەس، سەری ببڕن خەبەر نادا

@Honrave
#سالم
بە دڵ گیرۆدە بەو پرچی بە چینم
ڕەش و ئاڵۆزە وەک ئەو بەخت و ژینم

دڵت گرتم، خەیاڵی خۆت تیا دی
خەوت بردم کە لەودا تۆ دەبینم

@Honrave
#هەژار
دڵم دەرهات و تۆ هەر دەر نەهاتی
نەهاتی، هەر نەهاتی، هەر نەهاتی

کە ئەم خەندە و قسە و لێوەت هەیە تۆ
لە باتی شەککەر و نوقڵ و نەباتی

دەدەی وادەم بە قەتڵ ئەمڕۆ، سبەی هیچ
ئەتۆ شاهی، چیە وا بێ سەباتی!

لە دنیا جەننەتی خۆ دیوە هەر کەس
کە تۆ بی حازری وەختی وەفاتی

ئەگەر ڕۆژە، بتی من! هەر بتێ بێ
سەرەوژێرە کە تۆ وەک ڕۆژ هەڵاتی

کە خزر ئەو خاک و خۆڵی بەردەرەی دی
وتی: تۆ خاکی یا ئاوی حەیاتی؟

ڕوخیشی کردە ئەو لا، دەیشی پرسی
بە شۆخی، شاهی من، تۆ بۆ چی ماتی!

کە داغی سینەمی دی، دەردی دامێ
وتی: مۆرت هەیە، ساحێب بەراتی

کە شیرین و تەڕی دی شیعرەکانم
وتی: مەحوی کە میراوی فوڕاتی

@Honrave
#مەحوی
عەجەب! کۆرپەی دڵم نادا هەدا، شەوگاری تەنهایی
نەباتی قەندی لێوی تۆی دەوێ بێچارە بێ زمانە

بەناز ساتێ وەرە دەستێ بنێ سەر قەلبی مەجرووحم
خەناوی بێ بە سووری پەنجەکانت ڕەنگی مەرجانە

@Honrave
#مستەفا_شەوقی
بۆ ماچی دەمی ڕەنگە لە عیشوەی خەمی ئەبرۆی
جۆیایی بەقا خۆی لە دەمی تێغی فەنا دا

نالی کە غوڵامی مەدەدی زوڵف و برۆتە
شاهێکە لە بن سایەی باڵی دوو هومادا

@Honrave
#نالی
بەجێ نایێ، دەبێ ڕوو کەینە سارا،
حەقی ئادابی مەجنوونی لە شارا

کە چەرخ ئەسکەندەری دی دەردەدارە
وتی: ئەم هەم بووە هەم دەردی دارا

هەتا حەق ناسیرە، هەر حەقمە مەنزوور
وەکوو مەنسوور ئەگەر بمکەن بە دارا

نەگەیمە ئەو جوانە و گەیمە پیرێ
مەدەد یا پیری پیرانی بوخارا

لە بەر زار و نەزارێ بوومە وەک پووش
دە ئەمجا ڕابوێرە من بە زارا

مەگەر تۆ عەرزی حاڵم کەی لە کن یار
قەڵەم، ساغی قسە، من نیمە یارا

لەڕم دی زاهید ئەم زستانە، زانیم
کلک نادا بە زڕپنگی بەهارا

وەرە دەستێ بە خوونم کە نیگارین
خوێنی من حەڵاڵت بێ، نیگارا!

زوو ئەو شۆخە لە عاشق وەردەچەرخێ
لەگەڵ کەس، چەرخە ئەو ناکا مودارا

موژەی خوێنێ دەکا هەر لەحزە، سەیرە
ئەمەندە گوڵ لە بن یەک نووکە خارا

کە شک بەم مەحویا هەر شەربەتی مەرگ
لە سەر ئەرزا نیە ئاوی گەوارا

@Honrave
#مەحوی
وەک مورغی پایەبەندم بۆ دانەیی سیاهت
چۆن ماهی نێو کەمەندم بۆ ڕوویی هەمچو ماهت

نەشئەی زوڵاڵی بۆسەم کەی لوتف ئەکەی بفەرمووی
تا جان و دڵ فیدا کەم لە شاهڕاهی ڕاهت

هەمتایی خۆشە جانا لە ڕەغمی عالەم ئەمما
فانی لە وەعز و نسحەت غەرقی یەمی سەفاهەت

@Honrave
#مەلا_حوسێن_فانی
هەموو شەوێ بڕیار ئەدەم
لەبیرتکەم ،
بۆ بەیانی زوو لەبیرم ئەچێتەوە
ئەڵێی بەفرە بەڵێنەکەم
کە ڕۆژ هەڵدێ ئەتوێتەوە..!

@Honrave
#ڕەنج_سەنگاوی
لە ئەشکەنجەی شکەنجی زوڵفی ئەو بێ وەعدە مورغی دڵ
دەناڵێنێ وەکوو بولبول لە سوبحی کازیبی شەودا

بە تیرێ دوو نیشانە چا نییە ئەی ڕۆحەکەم! شیرین
بە غەمزەی، تاقە یەک تیری لە فەرهاد و لە خوسرەو دا

@Honrave
#نالی
عومر و دڵ دیسان بە با چوو شانە هاتە ڕوویی کار
بۆیی زوڵفت خاکی سەحرای کرد سەراسەر موشکسا

هەر کە غایب بم لە فیکرا دڵ دەچێتە پەردەیێ
پەی بەوێ نابات و ناگا تا ببێ پەیکی سەبا

@Honrave
#سالم
گەر لە سایەی ئاستانەی دڵبەرم جێ دەست کەوێ
قەت هەوەس ناکەم شەرەف ئیتر لەژێر باڵی هوما

@Honrave
#سالم
ئەی بادی سەبا هەستە لە حاڵم بەوە هوشیار
شەرحی دڵی ماتەمزەدەکەی من بەرە بۆ یار

لەو فیرقەتی ئەو، وا ڕەمەقێ ماوە لە عومرم
ئوممێدی حەیاتم نییە، ڕووحم نەبێ غەمخوار

@Honrave
#سافی_هیرانی
گەر بە تیری عیشوە جەرگم پارە کا گاهێ بە ناز
ماڵی ئاوا بێ بە خەندەی لێوی دەرمانم ئەکا

من شکاتی دڵپەرێشانیم لە گێسوی کردووە
ئەو حەواڵەی مەحکەمەی زوڵفی پەرێشانم ئەکا

@Honrave
#ناری
پەچەیی پەرچەمی و، پرچی سیا
هەر دەڵێی مانگە شەوە کوڵمی تیا

لادە دەسرۆکەیی هەوری لە جەبین
دەرکەوێ شەمس و قەمەر، نوور و زیا

لێوی تۆ ئاوی بەقا، من خزرم
فەیزی تۆ ڕەحمەت و، من سەوزە گیا

فەرشی کەففی بەری پێتە نەرگس
سەری داخستووە وەک چاوی حەیا

مەمخەرە هاوییەیی هەولی فیراق
دەستی من دامەنی تۆ ڕۆژی قیا

سەری فەرهادم و، دەندووکی قوڵنگ
دەستی مەجنوونم و، دامێنی چیا

خاتری زاهیدی خاڵی، خاڵی
نییە، ئەڵبەتە، لە بێنێکی ڕیا

دوور لە تۆ ئیدی مەپرسە، قوربان
حاڵی نالی کە نە مرد و نە ژیا!

@Honrave
#نالی
ئاهوو، ئاهـ وەردەی دیدەی مەخموورت
قەمەر، خجڵ بەرق جەبهەی پڕ نوورت


وەفات چەنی من مەنشووری عام بی
مەیلی لەیل ئاسات چەنەم تەمام بی

تا وادەی وەفات، وەفات تەمام بی
مەیلەکەت جەلام ئەعلای مەرام بی

وەشڵە وە حاڵم مواتن یاران:
ڕەقیبان حەسەد مەوردن جاران

جە ناکا کاڵای بێ مەیلیت پۆشا
مەی بێ وەفاییت چەنیم هەم نۆشا

بۆی توڕڕەی شیفای وەبای مەوت ئەسەر
جە من پەنهان دای غەزاڵەی دڵبەر

@Honrave
#جەفایی
2024/05/02 12:32:48
Back to Top
HTML Embed Code: