Telegram Web Link
هۆنراوە و پەخشانی کوردی چەم و چیا
نەوەد 🌸 تەرەب کەن، شوکر زۆری هێناوە غەم «توقّع زوالاً اذا قیل تمّ» واتە: شادمان بن وا شوکر خەم زۆری هێناوە و گەیشتوەتە ڕادەی ئەوپەڕی. هەر شتێکیش‎ کە گەیشتە ڕادەی ئەوپەڕی، ئەوە نیشانەی تەواوبوونیەتی و دەبێ چاوەڕوانی تەواوبوونی بکرێ. ئەمەی مەحوی دەیڵێ شتێکی…
نەوەد و یەک

🌸 غونچەدڵ بوونم لە حەسرەت لێوی تۆیە، غونچەدەم!
غونچەکەی تۆ مەر شیفا دا غونچەکەم، ئەی غونچەکەم!

واتە : ئەی یاری دەم وەک خونچەگیراو کە قسەیەکت لە دەم دەرنایەت! من لە داخی بێدەنگی لێوی سووری تۆیە، دڵم وەک خونچەی سوور گوشراوەتە یەک و خوێناوی بوە و بە وتەیەکی خوچەی نەپشکووتووی دەمی تۆ نەبێ خونچەی دڵی وشراوی من چاک نابێتەوە.

🌸 سینەچاکم وەک گوڵ و، دڵ پڕ لە خوێنم غونچەوەش
بێ گوڵی ڕوخسار و غونچەیی لێوەکەت، قوربانی بەم

چاک: لەت.
غونچەوەش: وەک خونچە.
واتە: هەر بە قوربانی گوڵی ڕوخسار و خونچەی لێوت بم، من بێئەوان سینەم وەک گول کرایەوە و دڵم وەک خونچە پڕە لە خوێن.

🌸 غولغولی بولبول لە عیشقی گوڵ نەبوو لەم سوبحەدا
شەعشەعەی ئەو غەبغەبە کەوتبووە سەر ئەم باغە هەم

غولغول: هەرا.
شەعشەعە: پڕشنگ.
غەبغەب: گۆشتی ژێر چەناکە.

‏واتە: بولبول کە ئەم بەیانییە کەوتبووە هەرا و ئاواز خوێندن، وەنەبێ بە هۆی عیشقی گوڵەوە بووبێ ئەوەی کردبێ، بەڵکوو بەهۆی ئەوەوە بوو کە تیشکی ژێر چەناکەی یار دابووی لە باخیش.

🌸 لاڵە بێ لالەی ڕوخت مەحوی، وەکوو مورغی خەمۆش
مەر بە چاکی سینە وەک گوڵ شەرحی دووری کا، سەنەم

خەمۆش: کپ و بێدەنگ.
واتە: بێ لالەی ڕووی تۆ، ئازیز! مەحویی وەک باڵدارێکی کپ و بێدەنگ وایە. بۆیە ئەم بتە بێدەنگە -کە مەحوییە- مەگەر چەشنی گوڵ بە لەتلەتی سینەی بتوانێ ڕازی دڵیت بۆ لێک بداتەوە.

لە دەسنووسەکانی بەردەستماندا لەنێوان ئەم بەیتە و بەیتی پێشوودا، جێگەی بەیتێک بە بۆشیی ماوەتەوە؛ دیارە فەوتاوە.
شێخ موحەممەدی مەحوییش نووسیویە زۆرمان هەوڵدا، دەستمان نەکەوت.

شێعری مەحوی لێکدانەوەی مەلاعەبدولکەریم مودەڕیس

@chamochya
ئەلیزابێت وای وت:
پەردەیەک هەیە لەنێوان
من و تۆدا؛
نە لە بەرد دروست کراوە و
نە لە خشت دروست کراوە و
نە لە قوماش،
نە لە ئاسن.
پەردەیەکە ئێجگار تەنک،
بەڵام نە بە دەست ئەبڕدرێ و
نە بە پاچ و
نە بە گوللە.
پەردەی نێوان دوو ئاوەزە
کە سەدان ساڵ دوورن لە یەک.

#شێرکۆ_بێکەس

@chamochya
ساڵێ جارێ لێم بپرسی هەر منەتبارم ئەمن

وەعدی شەمەم پێبدەی تا جومعە بێکارم ئەمن

#مامۆستا_ئاسۆ

@chamochya
له دارستانێکدا هەزارپێیەک بوو که کاتی سەماکردن، هەموو ئاژەڵەکانی دارستان له دەوری کۆ دەبوونەوه و چەپڵەیان بۆ لێ دەدا. هەمووان، جگه له گیانلەبەرێک که به هیچ شێوه حەزی له سەماکردنی هەزارپێ نەبوو.
کیسەڵێکی چاوچنۆک.
کیسەڵ ڕۆژێک نامەیەکی بۆ هەزارپێ نووسی:
"ئەی هەزارپێی بێوێنه، من یەکێک له لایەنگرانی بێ ئەملاوئەولای سەماکردنی تۆم. ئێستاش پرسیارێکم هەیه که چۆن سەما دەکەی؟ ئایا سەرەتا پێی ژماره 228 هەڵدێنی و پاشان پێی ژماره 59؟ یا به پێی ژماره 445 دەست پێ دەکەی؟ چاوەڕێی جوابم.
وێڕای ڕێز و خۆشەویستیم: کیسەڵ".
هەزارپێ پاش خوێندنەوەی نامەکه، بیری ئاڵۆز بوو و فکری کردەوه بزانێ کاتی سەماکردن چ دەکا و سەرەتا کام پێی له زەوی جیا دەکاتەوه بۆ دەستپێکردنی سەما؟ پاش ئەو نۆبەی کام پێی دێ؟
به داخەوه لەو کاتەوه ئیتر هەزارپێ نەیتوانی سەما بکا و لەبیری چۆوه.
قسه بێهوودەکانی خەڵک لەڕووی خراپەخوازی و چاوچنۆکی، دەتوانێ بەسەر هێزی خەیاڵکردنماندا زاڵ بێ و ڕێگر بێ له بەرامبەر پێشکەوتن و بەرزەفڕیی ئێمه.

#جیهانی_سۆفی
#یوستێین_گۆردێر

@chamochya
هه‌ر شارێکمان
دوگمه‌ی یه‌خه‌ی دەترازێنرێ
دەسته‌دز و پاشه‌دز و
حه‌سحه‌سی شار:
هه‌ر خۆمانین!

#دیوانی_پرێسکەی_عاشقێکی_زگماک

#عەبدوڵڵا_پەشێو

@chamochya
رووحم بە فیدای ئەو کەسە میللەت دەپەرەستێ
بێزارە لە مەحکوومی و ئازادی پەسەندە

هەرکەس کە لەگەڵ میللەتی خۆی نییەتی چابێ
زاتێکە کە عالی نەسەبە و فیکری بڵندە

#مەلامارف_کۆکەیی

@chamochya
تەماشای چەرخی چەپگەرد کەن بە زیددی چەرخی گەردونە
ئەوەی شایانی عیززەت بێ ئەوێستا سووک و مادوونە

ھەوا و دەستووری نائەھلە بناغەی حورمەتی تێک دا
وەتەن شێوا و پڕحەسرەت ئەھالی زار و مەفتوونە

لە چۆل و دەشت و ھەم چیادا تەماشای خوێنی کوردی کە
لەگەڵ فرمێسکی بابکوژراو دەڵێی ڕووباری جەیحوونە

حەرەس قەومی کە وەختی ھات بە لینگی ڕووت و بێدەرپێ
لە ڕاستی کوردی بێچارە دەڵێی مەڕوان و مەئموونە

خیلافی ئەمری یەزدانە ھەموو ڕەفتار و ئەفکاریان
ئیدارە و حوکمی بێجێیان خیلافی شەرع و قانوونە

ئەگەر چی ڕاستە دووپێنە بە وەحشەت فەوقی چوارپێنە
بە عەقڵ و سوورەت و سیرەت ھەمووی سەگسار و مەیموونە

زەرەرمان ھیچ نەکرد ئێمە کە چونکە تێ گەیشتین باش
بڕینی پەنجەیی کورتی کە چەند پڕئێش و کەسکوونە

بە ھیوای تۆڵەوەرگرتن کە سەرفی ڕووحی شیرین کەین
ئەوا فەرھادی سەردارمان خەریکی کێوی بێستوونە

ئەگەر فیرعەونی میسریش بێ زەریف با تێ بگا بۆ خۆی
سیلاحی کوردی ساحیبحەق عەسای مووسا و ھاڕوونە

دەبێ ھەر خۆی بخنکێنێ لە گێژی بەحری حەسرەتدا
لە دەستی چوو کە خاکی کورد ھەمووی ھەر گەنجی قاروونە

سەرت دەرکە ھەتا ماوی بە ڕێگای فورسەتا ڕا کە
شیمال ھەر موڵکی کوردانە ئەتۆش چارت بە لاچوونە

زەریفی تێ بگە یا بە وەکوو حەڵقە لە گوێتی کە
میسالی نیشتمان و کورد وەکوو لەیلا و مەجنوونە

وەتەن خاوێن و بێغەم بوو بە زوڵمی ئێوە چڵکن بوو
لەبۆ شۆرینی بڕنەومان گەڵی باشتر لە سابوونە

ئەگەر حەسرەت دەخۆی بۆ نەوت بڕۆ ھەندێک بە سەرتا کە
بەکار نایە درۆ و تەفرە بەڕاستی وەختی دەرچوونە

لە شوومی زوڵم و بێرەحمی لە دەرحەق نیشتمان و کورد
بناغەی ھێزی ناحەقتان بەرەو ڕووخان و تێکچوونە

بیحەمدیللا کە ناوی کورد بە ناوی ئەو کەسەی دەرچوو
بە غیرەت کێوی ئەلبورز و بە ھیممەت پیرەمەگرونە

منیش ھاوناوی ئەو زاتەم وەلاکین شوھرەتم «عاسی»
بە تیشکی ڕۆژی سەرکەوتن قەریحە و زیھنەکەم ڕوونە

#مەلامستەفا_عاسی

@chamochya
هەر کات
مێژوو دەخونێمەوە
بە هەردوو دەست چاوم دەگرم،
دەڵێم نەکا لە شەرمانا
لە بەر دەمی دێڕێک بمرم.
پەڕەی مێژووی کورد هەر وایە
تا سەیری کەی شەرمی تیایە،
یان زێدی خۆی فرۆشتووە
یان کورد خۆی کوشتووە!

#عەبدوڵڵا_پەشێو

@chamochya
#ئەی_وەتەن
لە هەر وەرزێکتدا خەمێک و
لە هەر لاپەڕەیەکتدا تۆماری ماتەمێک
ڕێبوارێکی زۆر ماندوو و تینووم، ساڵەهایە بەڕێوەم و نەنوستووم، دڵی پڕهومێدم لە ڕێگای
عەشقتدا چرایەکی هەڵکردووە و بڕیاری داوە
تا دوایین ترپەی هەر بسووتێ و نەکوژێتەوە...
بارانی ئەو وەرزەت ببارێنە بەسەر کێڵگەی دڵمدا
ڕاژێنە مێشکم لە بێشکەی خەیاڵی ڕەهاییتدا
  دەمهەوێ عاقیبەت بەخێری داستانەکەت ببینم و ئەمجا تێر تێر بنووم.

#کازیوە_موکری

@chamochya
قەڵای خۆمە و سەری دەگرم بە ماران
بەتۆچی سەر نەوی بێ شاری شاران

ئەتۆی ئاوارە حیزی لێرە میوان
لە كوێ زانیوتە دابو ڕەسمی دیوان

ئیتر بیبڕنەوە دەی داخ و كوڵتان
هەمووتان ببنە تۆزی كەوشی سوڵتان

كە سوڵتان هێندە مەزن و خاكەڕا بێ
بە پێی پیرۆز بە ماڵی ئێمەدا بێ

دەبێ سەرمان بەڕیز دانێینە بەر پێی
ببینە تۆز و خاك و خۆڵی سەر ڕێی

جڵەو كەن هەست و سۆزی ناخی دڵتان
قەڵای چی،ماڵ و سەر قوربانی سوڵتان

قەڵا ئیتر هۆلاكۆ نابەزێنێ
دەبێ بۆ گورگی گەڕ سەر دانەوێنێ

دەبێ دیواری هێمای كوردكوژان بێ
بە توون گەر ڕۆحی میللەت پڕ لە ژان بێ

نەما دەورانی مەزن و پاڵەوانان
لە سینگیان دەن میداڵی حەوتەوانان


نەما مەردایەتی، دۆڵار و دەرهەم
دەهێنێ ترسنۆكی لێرە بەرهەم

مەڵێن بۆ وا پەشێو و تازیەباری
كە بۆ دوژمن قەڵا دەكرێتە دیاری

#ڕەسووڵ_سوڵتانی

@chamochya
ئارەزووم زۆر بوو زەمانێک کەچی ئێستا وەڕەزم
لە هەموو ئەم تەمەنەی تینووە بەخوێنی
حەزم


گەرەکم بوو دەسی گەرمی گەلێ ئاوات بگوشم
نەوەک ئەنگوستی بڤەی حەسرەتم هەردەم بگەزم

حەیفێ جارێکی لە ئەم دەورە نەهات نۆرەم هەتا
لەسەر ئەم هەردە منیش هەڵبەزم و بێژم: ئەزم
 
حەیفێ تاوێک نەگەڕا خۆشی لە دڵما بە هەڵەش
تا لەبەر قەمچی خەم و ساردی خەفەت هێند نەتەزم

سەد حەیف باری ژیان ئەستەم و ئاڵۆز بوو ئەوەند
هەر دەبوو ڕایدەم و بێدەنگ بم هەتاکوو نەبەزم

پەلەیێکم نییە کۆنە مەتەڵی بوون هەڵبێنم
نەکوو بمکوژێ ژیان بۆیە لە مردن بەلەزم

کوڕی ئاواتم هەموو ڕۆیشتن و جێیان هێشتم
ئێستە دەربەست بە تەمای مەستە نیگای کیژی ڕەزم

#م_ئاران

@chamochya
ها له‌ سینەی سەردی مندا سۆزی ئاتەشخانەیێ
تاقەتی ئەو داغه ناهێنێ هەموو پەروانەیێ

دەربەدەر کەوتوومه شوێنی ئاشنایێ، بێخەبەر
ئاتەگی ئەو بەخته ناگیرێ به هەر دێوانەیێ

نەوگوڵێ پاڵی وەپەرژینی دڕوو دا، بێژه پێی
گەوهەری ئەو عومره ناهێنێ غەمی دوڕدانەیێ

دەستی با نەڕزێ! به ئەگریجەی نیگارم دادەهات،
ناگەڕێ لەو زوولفەدا هەرگیز زمانی شانەیێ

ساقیا! باوەڕ بفەرموو عاشقێکت هاتەدی
گۆشەیێکی چاوی پڕناکا بەری مەیخانەیێ

چاوی تۆ زانستی بینایی دەبەخشێ، مەرحەبا!
ڕوونه من گرتم له شەوگاری نیگاهت وانەیێ

چاوەکانت هەڵفڕین و چوونه سەر داری هونەر
دوو مەلی شاعیر به هەستێ چێ‌دەکەن هێلانەیێ


هونەر موکریانی

@chamochya
کێی ئەتۆ یادت بووە بە دەواتی قەڵەمم؟
تۆ هەبی عالەمێ دەبن بە ماتی قەڵەمم

بێتوو ڕۆژێک یادت بەجێ بێڵێت دڵم
ئەو ڕۆژەیە دێ ڕۆژی وەفاتی قەڵەمم

#کازیوە_موکری

@chamochya
#ئاڵا

کاتێ شەپۆلی پەرچەمت گڕ بەسەری شەوا دەکەن
شەو دەڕەوێ زەوی و سەما، گوڵ لەبەری هەوا دەکەن

دەشت و چیا دەبن بە گڕ، باڵی بزەت کە دەرکەوێ
چاو زمان و دڵ هەموو، پێکەوە یا خودا دەکەن

تۆ کە بە نیو نیگایەکت گڕ لە جیهانێ بەردەدەی تاوی بزە و شەبەنگی ڕووت، چی لە دڵی چیا دەکەن

دێی کە بە کۆیە نوورەوە، شەو دەخزێتە ژوورەوە
گیانە لە خەو دەڕاسن و دەرکی دڵ ئاوەڵا دەکەن

دەردەکەوێ لەگەڵ بەیان کاتێ گزنگی ڕووی گەشت
شەونم و سەوزە ناوەکەت، پڕ بە گەر و هەرا دەکەن

تاکو خەیاڵی تۆ لەگەڵ ئەم دڵە عاشقەی منە بووکی وشە و پەریی شیعر، دێن لەگەڵم سەما دەکەن

دەردەکەوێ کە تیشکی ڕووت شەو لە پەساری ئەشقەوە
بەرد و گوڵ و کوڵۆ بەرەو پیری دەڕۆن و ڕادەکەن

با بشەکێ بە نەرمەبا، بەژنە زراو و بەرزەکەت
ئەو دەم‌ ئەبینی دەشت و کۆ چۆن خەم و تەم بە با دەکەن

شەو دەڕەوێت و تیشکی ڕووت پڕ لە ئەوین دەکا بەیان
شاخ و قەڵەم لە باوەشی جاڕە گوڵا سەفا دەکەن
#مامۆستا_ئەمین_گەردیگلانی

@chamochya
ئاسەواری قەبرەکەم هەر ماوە یاری دڵ رەقم
جارێ سەردانت نەکرد و وەختە جێی کوێر بێتەوە

چاو لە دەرکەی مەنزڵم هەڵناگرم دەنگێک دەڵێ
یۆسفی ون بوو بەرەو ماڵی خەرابم دێتەوە
.
#کارۆ ( ئاسنگەر )

@chamochya
با شەوت بە تەمای جریوەی
کوژراوی سەری من قەت نەبێ!
با زەریات بە تەمای ئەم ماسییە
خنکاوەی لەشی من قەت نەبێ!
با دەنگت بە تەمای شەقژنی
سووتاوی گەرووی من قەت نەبێ!
با باڵات بە تەمای لاولاوی
گرمۆڵەی سەر عەردی من نەبێت!
با قژت بە تەمای ئەم گەڵا
مردووەی پەنجەی من قەت نەبێت!
من،ئێستە
من،لێرە بوومەتە چیرۆکی
ڕۆژانەی نامۆیی و هەڵوەرین!
من لێرە بوومەتە
پارچەیەک لە شەختەی قوتبی شین!

#شێرکۆ_بێکەس

@chamochya
هـەر وەکـوو بێگانەیێ دڵ پـڕ له ناکامی و گــرێ

لەو هەموو دەسته نەبوو دەستێ که بێ و دەستم گرێ

#مامۆستا_شەریف

@chamochya
2024/05/16 05:56:05
Back to Top
HTML Embed Code: